دانانی عەلی حەمە ساڵح بە سەرۆکی لیست کێشەی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا دروستکردووە

دانانی عەلی حەمە ساڵح بە سەرۆکی لیست کێشەو ناکۆکی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا دروستدەکات، هاوکات دەبێتە مایەی چوونە ماڵەوەی سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، جەمال محەمەد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە دانانی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری خوولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان، لەبری عەبدولآی مەلا نوری پەرلەمانتاری خوولی پێشوو، بەسەرۆکی لیست دەبێتە مایەی ناکۆکی و لە ئەنجامدا جەمال محەمەد سکرتێری جڤاتی نیشتمانی لەبەر نیگەرانی لەو دۆخە چەند رۆژێکە کار ناکات و چۆتە ماڵەوە.

سەربارەت بە چۆنێتی سەرهەڵدانی کێشەکە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو لیژنەیەی کە دانرابوو بۆ گەلآڵەکردنی ناوی کاندیدەکانی، بەشێوەی دەنگدان سەرۆکی لیستەکەی جیاکردەوەو بە زۆرینە دەنگیان داوە بە عەلی حەمە ساڵح، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی، یان بۆ خانەی راپەڕاندن.

ئەو دەنگدانەی لەو لیژنەیەدا ئەنجامدرا، لە کاتێکدایە کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە د. یوسف محەمەد دانرا، بەبڕیار دانراو هەڵبژاردنی بۆ نەکراو، هیچ ناڕەزایەیتییەکیشی لێنەکەوتەوە چ لەلایەن خانەی راپەراندن چ لەلایەن جڤاتی نیشتمانیەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو دەنگدانەی لە لیژنەکەدا ئەنجامدراوە، لەلایەن چەند ئەندامێکی لیژنەکەو سکرتێری جڤاتەوە پەسەند نەبووە.

سپی زانیوویەتی دانانی سەرۆک بەم شێوەیەو گەلآڵەکردنی سەرجەم لیستەکە، ناڕەزایەتی و ساردبوونەوەی لەنێو گۆڕاندا دروستکردووە.

بڕیارە ٣٠ ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری ٢٩ قەوارەو هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ١١١ ئەندام پەرلەمان ئەنجام بدرێت.




PM:09:20:31/07/2018