نێچیرڤان بارزانی: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت و دواناخرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی ئاب،  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوەو لە دوای کۆبونەوەکەش نێچیرڤان بارزانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند،" پێویست دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت و ئومێد دەکەین بە باشی بەڕێوەبچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، " برێت مەکگۆرک بەهیچ شێوەیەک باسی دواخستنی هەڵبژاردنی لەگەڵ ئێمە نەکردووە و هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی،" لایەنەکانی دیکە کەسیان بەفەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان لە حکومەت نەکردووە و، هەڵوێستی پارتیش ئەوەیە کە دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت".

هاوکات هیواشی خواست لەگەڵ بەغدا کاری جدی بکەین بۆ ئەوەی کەیسی ئێزدییەکان بە تاوان هەژمار بکرێن و هیوادارین قەرەبووی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.

لەبارەی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوەو هەڵوێستی هەرێم لەوبارەیەوە  سەرۆکوەزیرانی هەرێم  وتی،"هەرێم لە چوارچێوەی‌ هەنگاوەکانی‌ بەغدا مامەڵە لەگەڵ سزاکانی‌ سەر ئێران دەکات".


PM:12:53:07/08/2018