کۆبوونەوەی باڵای چوار لایەنەکە بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ شەممە 11ی ئاب هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان ‌و یەكگرتووی ئیسلامی ‌و كۆمەڵی ئیسلامی ‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپەروەری لەسەر ئاستی باڵا كۆدەبنەوە.

كۆبونەوەكە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبونی عومەر سەید عەلی ‌و عەلی باپیر‌و سەڵاحەدین بەهادین ‌و بەرهەم ساڵح بەڕێوەدەچێت.

شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە "لە كۆبونەوەكەدا پرسی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان ‌و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێدەكرێت".

وتیشی: چوار لایەنەكە هەڵوێستی جدی وەردەگرن لەسەر ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر دەنگی خەڵكی كوردستان كراوە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا.

درەنگانی شەوی پێنجشەممەی رابردو، ئەو دەستە دادوەرییەی سەرپەرشتی كارەكانی كۆمسیۆنی دەكرد، ئەنجامی ئەژماركردنی دەستی دەنگەكانی ئەو سندوقانەی راگەیاند كە سكاڵایان لەسەر تۆماركرابوو، بەپێی ئەنجامەكەش بێت گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ژمارەی دەنگەكان ڕووینەداوە و ژمارەی کورسی لایەنەکان وەک خۆی ماوەتەوە.



AM:11:23:11/08/2018