"سپی" ناوەڕۆکی کۆبونەوەی چوار لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن بڵاودەکاتەوە

رۆژی شەممە ١١ی ئاب، هەر چوار سەرکردەی لایەنە ناڕازییەکان لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەو، لەسەر دوو پرسی سەرەکی هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو و گەیشتنە چەند بڕیارێک، کە سپی ناوەڕۆکەکەی بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "سپی" کەوتووە، لە کۆبونەوەی دوێنێی نێوان (گۆڕان، کۆمەڵ، هاوپەیمانی و یەکگرتوو)، کە لە بارەگای سەرەکی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بەڕێوەچوو، هەر چوار لایەنەکە بڕیاریان داوە تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بدەن، کە ١٢ی ئایار بەڕێوەچوو.

سەبارەت بە ناردنی پەرلەمانتارەکان هەرچوارلایەن بۆ بەغدا بڕیاریاندا بەشداری بکەن و بایکۆتی پرۆسەی سیاسی نەکەن، هەروەها رێککەوتون لەسەر ئەوەی، کە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ هەر چوار فراکسیۆنەکە لە پەرلەمانی عێراق بدۆزنەوە بۆ هەڵوێست و هەماهەنگی.
 
هەروەها  لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە ٣٠ ئەیلول ساز بکرێت، ئەو چوار لایەنە گەیشتونەتە سێ بڕیارێکی گرنگ.

بەپێی زانیارییەکانی "سپی" ئەو چوارلایەنە  بڕیاریان لەسەر سێ ئەگەری کراوە داوە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یەکەمیان دواخستنی هەڵبژاردن، دوومیان بایکۆتی هەڵبژاردن، سێیەم ئەگەریش بەشداریکردنی هەڵبژاردن.
 
هەر بەپێی زیانیارییەکانی "سپی"، گۆڕان لەگەڵ ئەوەدابووە هەرچوار لایەن بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەن،  هەرچی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەرییە زیاتر لەگەڵ هەڵوێستی بایکۆت دا بووە.

سەرباری ئەو هەڵوێستە جیاوازەیان بەپێی زانیارییەکانی "سپی" ئەو چوار لایەنە رێککەوتون، کە گفتوگۆیەکی نیشتیمانی بۆ رزگاربوون لەم دۆخە سیاسییە چەقبەستووە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکەدا بکەن بە(یەکێتی و پارتیی)شەوە.

هەروەها لەو دایەلۆگە نیشتیمانییەدا جۆرە دڵنیایی کردنەوەیەک وەرگرن سەبارەت بە ئەنجامنەدانی تەزویر لە٣٠ ئەیلول دا، ئەگەر هەر چوار لایەنەکە نەگەیشتنە ئەوەی، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەر لە تەزویر بگرن، ئەوا بیر لە بڕیاری دواخستن یان بایکۆی هەڵبژاردن بدەن.

رۆژی شەممە ١١ی ئاب، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلیمانی هەرچوار لایەنی ئۆپۆزسیۆن(گۆڕان، کۆمەڵ، هاوپەیمانی و یەکگرتوو)کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە ١٢ی ئایار بەڕێوەچوو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ٣٠ ئەیلولی ئەمساڵ بەرێوەبچێت.



PM:08:27:12/08/2018