وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی لەگەڵ میحوەری وەتەنی سونەکان کۆبووەوە و راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی لە ھەولێر لەگەڵ میحوەری وەتەنی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر کۆبۆوەو دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ناوەرۆکی راگەیەنراوەکە، لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی بونیاتنانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و میکانیزەکانی دروستکردنی گەورەترین کوتلە و جەختیانکردۆتەوە لەسەر پێویستی پێکھێنانی حکومەت لەسەر بنەمای رێککەوتنی سیاسی کە پابەند بێت بە بەڵێن و رێککەوتنەکان و تێپەڕاندنی ھەڵەکانی رابردوو پێشێلنەکردنی دەستور.
ھەروەھا ھەردوولا گفتوگۆیان کرد لەبارەی دەرئەنجامی نەرێنی نەبوونی ھاوبەشی راستەقینە لەنێوان پێکھاتەکان و نەبوونی ھاوسەنگی لەدامەزراوەکانداو تەوافوقی نیشتمانی لە پرسە چارەنوسسازەکانداو پێویستی تێپەڕاندنیان و دەستور بکرێتە مەرجەع بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.