یەکەم کاروانی حاجیان دەگەڕێنەوە

لە ئەمڕۆوە حاجیانى عێراق دەست بە گەڕانەوە دەکەن و دەستەى حەج و عەمرەى عێراقیش ڕایگەیاند، ئەمساڵ ١٠ حاجى وڵاتەکەى  لە کاتى حەجدا گیانیان لە دەستداوە.

خالد عەتیە، سەرۆکى دەستەى حەج و عەمرەى عێراق لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەرزى حەجى ئەمساڵ سەرکەوتوو بووە وهیچ ڕووداوێکى تێدا تۆمار نەکراوە، ڕونیشیکردەوە "ئەمڕۆ شەممە حاجیان لە ڕێگاى وشکانیەوە دەست بەگەڕانەوە دەکەن و ڕۆژى دووشەممەش لە ڕێگاى ئاسمانیەوە".

عەتیە ئەوەشى خستەڕوو، گەڕانەوەى حاجیانى عێراق ١٥ رۆژ دەخایەنێت، وتیشى" ١٠ حاجى عێراقى کە پێنجیان ژن بوون لە سعودیە و لە وەرزى حەجى ئەمساڵدا کۆچى دواییان کردوە".

سەرۆکى دەستەى حەج و عەمرەى عێراق ئاماژەى بەوەشکرد، هەوڵدەدەن بۆ زیاد کردنى ژمارەى حاجیانى عێراق بۆ وەرزى داهاتووى حەج ڕێککەوتن لەگەڵ سعودیە بکەن.

ئەمساڵ لە ١٥ پارێزگاى عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان نزیکەى ٣٨ هەزار حاجى عێراقى سەردانى وڵاتى سعودیەیان کرد بە مەبەستى بە جێهێنانى فەریزەى حەج.

لە هەرێمى کوردستانیشەوە ئەمساڵ نزیکەى ٦ هەزار حاجى سەردانی سعودییەیان کردووە وا بڕیارە ڕۆژى سێشەممەش یەکەم کاروانیان بگەڕێنەوە هەرێم.



AM:10:38:25/08/2018