راوێژكارێكی بارزانی: پارتی لە بەرەی مالیكییەوە نزیكترن

 راوێژكارێكی بارزانی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ یەكێتی هاوڕان لەسەر پرسی گفتوگۆكان لەبەغدا و حزبەکەیان لە بەرەی مالیكییەوە نزیكترن وەک لە عەبادی.

 كیفاح مەحمود، راوێژكاری میدیایی مەسعود بارزانی بە پاڵپەڕی ئه‌لمۆنیتەر-ی راگەیاندووە، پارتی و یەکێتی ڕازیبوون لەسەر پێشمەرجەکان بۆ گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ هەر کوتلەیەکی شیعی.

وتوشیەتی، یەکێک لە پێشمەرجەکانیش بریتییە لە بەدەستهێنانی هاوسەنگیی لەنێوان کێبڕکێکاراندا لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و هاوبەشیپێکردن لە ئیدارەی دەوڵەتدا و جێبەجێکردنی دەستوور بە لەبەرچاوگرتنی پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە کەرکوکیشەوە.

باسی لەوەشکردووە، "ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکان لەژێر مادەی ١٤٠ی دەستور تاکە چارەسەرە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئەگەر وانەبێت پێکدادان و کێشەکان بەردەوامدەبن".

 كیفاح مەحمود ئشکراشیکردووە، ئەوان وەك پارتی لە كوتلەكەی نوری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاساوە نزیكن، سەرەڕای ئەوەی هێڵی سووریان لەسەر لیستەكەی عەبادیش نییە كە ناوی (نەسڕ)ە.

دەشڵێت، "ئەوان لەگەڵ یەكێتی هاوڕان لەسەر پرسی گفتوگۆكان لەبەغدا و پێشیانوایە ئەمجارە دەبێت گرەنتی نێودەوڵەتی بدرێتە كورد بۆ كات و بەڵێنەكانی بەغدا و دووبارەنەبوونەوەی ئەوەی لە رابردوودا روویدا.
 
هاوکات ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بە ماڵپەڕەکەی وتووە "مەرجی كورد بۆ چوونە ناو ئەو كوتلەیەی لە بەغدا حكومەت پێكدێنێت، مادەی 140 و بودجەی 17%ی هەرێم و پرسی پێشمەرگە و حكومەتێكی فرەیی هاوبەشە".

ماڵپەڕەکە لە زاری سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشێ بڵاوکردووەتەوە، کە یەکێتی و پارتی پێکەوە پرۆژەیەکیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئامادەکردووە کە  لە ٢٧ خاڵ پێکهاتووە و زۆربەیان تایبەتن بە ناوچە جێناکۆکەکانەوە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە کە گفتوگۆکان بەمنزیکانە لە نێوان لایەنە شیعی و کوردەکاندا دەستپێدەکات.



PM:06:40:25/08/2018