وەزارەتی کارەبا: مانگی ئایندە نزیکەی دوو کاتژمێر کارەبا زیاتر دەبێت

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە مانگی داهاتوودا دوو کاتژمێر پێدانی کارەبا زیاد دەکات، بەڵام تا ئێستا بە وردی دیار نییە کە دەتوانن چەند کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان بدەن.

ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەرێم بە سپی میدیا ڕاگەیاند، ئەو کێشەیەی هەبوو لە پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان ٩٥٪ی ئاسایی بووەتەوە و تەنها وێستگەیەکی خورمەڵە هەیە کە نەگەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی.

سەبارەت بە زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا ئەو بەرپرسەی وەزارەت جەختی کردەوە کە بە دڵنیایەوە دۆخی کارەبا لە مانگی داهاتوودا بە بەراورد بەم مانگە باشتر دەبێت، چونکە وەبەرهێنانی کارەبا جێگیرە و بە هۆی دابەزینی پلەی گەرماشەوە مانگی داهاتوو خواست لەسەر کارەبا کەمدەبێتەوە.


وتیشی کە ئەوان ناتوانن بە دیاریکراوی بزانن دەتوانن چەند کاتژمێر کارەبا لە مانگی ئەیلولدا بە هاوڵاتیان دەدرێت، بەڵام پێشبینی کرد نزیکەی دوو کاتژمێر پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان زیاد بکات.


سەبارەت بە پلانی وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی کارەبا ڕایگەیاند کە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و داناگاز ڕێککەوتوون کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی گاز بەرزبکەنەوە بە دوو قۆناغ و لە مانگی نۆدا قۆناغێکی جێبەجێ دەکرێت و ئەوەش وەبەرهێنانی کارەبا زیاد دەکات و بەو شێوەیەش پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان لەمساڵدا بەرزتر دەبێتەوە.



PM:05:11:26/08/2018