ئەبوبەکر هەڵەدنی: دواخستنی هەڵبژاردن گەمەیەکی تری ناشیرینی پارتی‌و یەکێتی یە

سەرۆکی پێشووی فراکسیۆن یەکگرتووی ئیسلامی ئەبوبەکر هەڵەدنی رایگەیاند" دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی په‌رلەمانی کوردستان یاری و گەمەیەکی ناشرینی تری ڕێکەوتن لەسەرکراوی پارتی ویەکێتییه‌، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ هیچ پاساوێكی لۆژیكی نیه‌ بۆدواخستنی هه‌ڵبژاردن و ئه‌گه‌ر هێزه‌ مه‌ده‌نی و نارازی و ئۆپۆزسیۆنه‌كان ترسیان له‌ ساخته‌كارییی رێكخراوه‌یی هه‌یه‌ هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌وا بژارده‌ی به‌هێزتر و باشتر له‌ دوا خستنی هه‌یه‌  ."

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و په‌رله‌مانتاری  یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە" هەمیشە بڕوای تەواوم وابووە کە دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی په‌رلەمانی کوردستان یاری و گەمەیەکی ناشرینی تری ڕێکەوتن لەسەرکراوی پارتی ویەکێتیه‌و ئامانج لێی غافڵگیر کردنی هێزەکانی دیکە و درێژەدانە بەتۆخ کردنەوەی سیاسەتی چەپەڵی نائومێدی و بێ هیواکردنی خەڵک کە شوێنەوارە نێگەتیڤ و نەرێنیەکانی ڕەشبینی و نائومێدی پڕناسۆرتر وێرانکەرترە لە دزینی سامانی گشتی و سەپاندنی قەڵەمڕەوی بنەماڵە و ساختەکاری و بەرتەسک کردنەوەی دیموکراسی".

ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند : هیچ پاساوێکی لۆژیکی نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، دیموکراسی مەرجدار قەبوڵکراو نییە لەبەر ئەوەی کێشەی ناوخۆیی حزبەکەم و ترسی ئەنجامەکانم هەیە هەوڵی دواخستنی بدەم، دەبێت هەموو هێزەکان بێ پێچ و پەنا شان بدەنە بەر بەرپرسیاری بەسەرکەوتن و شکست و بردنەوەو دۆڕانەوە، وەک دەوترێ خۆ ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی دونیا نییە".

له‌ كۆتایدا هه‌ڵه‌دنی ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو،  گەرهێزە مەدەنی و ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنەکان سەرنج و زانیاری و بەڵگەی حاشا هەڵنەگریان لایە لەسەر خاوێنی هەڵبژاردنەکان و دوو بارەبونەوەی سیناریۆی ساختەکارییە ڕێکخراوەکەی هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوا بژاردەی بەهێزتر و باشتر لە دواخستن هەیە.



PM:08:17:28/08/2018