داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی تەموز ئاشكرادەکرێت

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی لە مانگی تەموز ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، کە بەراورد بە مانگی حوزەیران زیادیكردووە.

كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، لە مانگی تەموزدا هەناردەی نەوت گەیشتووەتە 109 ملیۆن و 857 هەزار و 705 بەرمیل و، 
داهاتی نەوتی فرۆشراویش لەو مانگەدا گەیشتووەتە حەوت ملیار و 532 ملیۆن و 500  هەزار دۆلار.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكردوە، كۆی نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتووەتە 68 دۆلارو 56 سەنت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو ئامارە داهاتی نەوتی كەركوكی تێدا نییە. 

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشكردووە، کە ئەو بڕە نەوتە لە بەندەرەكانی بەسڕە و خۆر عەمیە و سەكۆ نەوتیەكانەوە لە ئاوەكانی كەنداو لەلایەن 43 كۆمپانیای جیهانی فرەڕەگەزەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان باركراون.



PM:04:29:29/08/2018