دوو کاروانی دیکەی حاجیان دەگەنەوە هەرێم

بڕیارە ئەمڕۆ دوو كاروانی دیكەی حاجیانی كوردستان لەرێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

فڕۆكەخانەی سلێمانی رایگەیاند بڕیارە كاروانی یەكەم كاتژمێر 1:20 خولەكی پاشنیوەڕۆ لە شاری مەیدنەوەو دووەمیشیان كاتژمێر 12:20 خولەكی شەو لە شاری جەددەوە بگەنەوە سلێمانی.

دوێنێ یەكەم كاروانی حاجیان لەرێی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە گەڕانەوە كە ژمارەیان 418 حاجی بوو.

ڕۆژی 23 ی مانگی رابردوو یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەرەو سعودیە بەڕێكەوتن، دوای مانگێك و بەئەنجامگەیاندنی ئەركەكانی فەریزەی حەج، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەڕانەوەی حاجیانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد و لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێمی كوردستان گەڕانەوە.

ژمارەی حاجیانی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان پێنج هەزار و 469 حاجی بوو، لەو ژمارەیەش حاجییەكی تەمەن 71 ساڵان لە كاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكانی فەریزەی حەجدا کۆچی دوایی کرد.



PM:01:19:30/08/2018