ئەمڕۆ هەینی 31ی ئابی 2018 کە دوایین ڕۆژی مانگی ئابە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی ئاشکرا کرد.
سەرچاوەیەک لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو، دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەست پێ دەکات.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ڕوونیشی کردوەوە، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان لەلایەن گەنجینەکانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە بەزووترین کات لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ ڕەوانە بکەن بەمەبەستی وردبین کردن و دابەشکردنی مووچە پێیان.
جەختی لەوەش کردەوە، هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی پێشمەرگە لە ریزبەندی یەکەمی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیراندا دەبێت و دواتریش وەزارەتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی لە ریزبەندی دواتر دادێن.
لە مانگی ڕابردووەوە، وەزارەتی دارایی بەبێ هیچ ڕاگەیاندراوێک دەستی بە بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار کرد و بۆ ئەم مانگەش بەهەمان شێوە گەنجینەکان لە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکان ئاگادار دەکرێنەوە.
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری 2018 لە 5ی مانگی ڕابردوو دەستی پێکرد و پێش جەژنی قوربان مووچەی سەرجەم مووچە خۆران دابەشکرا.