وادەی کردنەوەی ئەو مەرزەی ڕیفراندۆم دروستیکرد ئاشکرادەکرێت

هەفتەی داهاتوو، شاندێکی باڵای حکومەتی تورکیا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات و وادەی کردنەوەی مەرزی ئۆڤاکۆیش ئاشکرادەکرێت

بەگوێرەی یەنی شەفەقی تورکی، شاندەکەی تورکیا پێکهاتووە لە بەرپرسانی سەربازیی و بازرگانی تورکیا و بڕیارە لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانیان کۆببێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی "یەنی شەفەق"دا هاتووە "شاندەکە بۆ تاوتوێکردنی کۆتا رێکارەکانی کردنەوەی مەرزەکە سەردانی بەغدا دەکات، بریارە لە مانگی "ئەیلول" دا بە تەواوی بکرێتەوە و تەنها چەند رێکارێکی هونەری ماوە".

مەرزی ئۆڤاکۆی، ساڵی رابردوو دوای تێكچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدا بەهۆی ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلول و بریاری داخستنی مەرزی ئیبراهیم خەلیل، دروستکرا کە هێڵی بازرگانی مەرزەکە بە تەلعەفەر-موسڵ-بەغداد دا تێپەڕ دەبێت.

ساڵی رابردوو لە کاتی راگەیاندنی دروستکردنی مەرزی ئۆڤاکۆی لەلایەن بەغداوە، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "حکومەتی ناوەندی ناتوانێت بێ رەزامەندی حکومەتی هەرێم هیچ مەرز و خاڵێکی سنووری بکاتەوە".



PM:10:59:31/08/2018