فوئاد مەعسوم: پابەندین بە دانیشتنى یەکەمى پەرلەمان لەکاتى خۆیدا

سەرۆک کۆمارى عێراق  جەختیکردەوە لە بەڕێوەچوونى دانیشتنى یەکەمى پەرلەمانى نوێى عێراق لە وادەى دیاریکراوى دەستوورى خۆیدا.

نوسینگەى ڕاگەیاندنى فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆمارى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "مەعسوم لەمیانى پێشوازیکردنى لە برێت مەکگۆرک نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش باسیان لە ڕێگاکانى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات کردووە، هەروەک ئاماژەیان بە بارودۆخى سیاسى و ئەمنى عێراق و ناوچەکە کردووە".

بەیاننامەکە ئاماژەى بەوەش کردووە، سەرۆک کۆمار پێداگریی کردووە لەسەر بەڕێوەچوونى دانیشتنى یەکەمى پەرلەمانى نوێى عێراق لەکاتى دەستووریی ڕاگەیەندراوى خۆیدا.

لاى خۆشیەوە، برێت مەکگۆرک جەختیکردەوە لە ڕێزگرتنى وڵاتەکەى بۆ ویستى گەلى عێراق و پشتیوانى وڵاتەکەشى بۆ ئارامى عێراق و هاوکاریکردنى عێراقییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا دەربڕى

لە ١٢ى ئایارى ڕابردوودا هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە عێراق بەڕێوەچوو، لە ١٩ى ئابدا دادگاى باڵاى فیدراڵى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنەکەى پەسەندکرد.

دووشەممەى ڕابردوو فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆمارى عێراق ٣ى ئەیلولى بۆ دانیشتنى یەکەمى خولى چوارەمى پەرلەمانى عێراق دیاریکرد.



PM:06:29:01/09/2018