دواین زانیاری لەسەر پێکهێنانی حکومەت تا نیوەی ئەمشەو

دوو کوتلەی گەورە هەردووکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیان پێکهێناوە، هەردووکیشیان دەڵێن زیاد ١٨٦ کورسیان کۆکردووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە دەبێت دادگا یەکلایی بکاتەوە.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەپێی یاسا دەبێت سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام وەک ئەزمونەکانی پێشتر دەریخستووە کە ناکرێت پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریبکرێت بەبێ یەکلایی کردنەوەی پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەتی عێراق.

درەنگانی شەوی ٣ی ئەیلولە و هەردوو هاوپەیمانییە گەورەکەی عێراق پەیتا پەیتا باس لە گەورەبوونی هاوپەیمانێتیەکانیان دەکەن تا لە پەرلەمانی عێراق وەک گەورەترین کوتلە بناسێنرێن و دواتر پۆستەکانی عێراق پڕبکەنەوە.

ئەوەی گرفتەکەی دروستکردووە گەر بە ئیمزای سەرۆکی لیستەکان بێت هەموو لایەکیان توانیویانە ١٨٦ کورسی بەدەستبهێنن، بەڵام ئەمە یەکلاکەرەوە نییە بەهۆی ئەوەی کە لە ناو لیستەکاندا دووکەرت بوون ڕوویداوە و هەندێک لیست چەندین کەسیان لێ جیابووەتەوە، کە دەکرێت ئەمڕۆ بڕیارێکی جیاواز بدەن و هاوکێشەی سیاسی بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا بەرن، ئەمە جگە لەوەی دەنگ کڕینی ناو پەرلەمانیش ئەگەرێکی کراوەیە.

کوتلەیەک کە لەلایەن عەبادی و سەدرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و تاکە لایەنێکی کوردی تێدایە کە نەوەی نوێیە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە تا کاتژمێر یەکی ئەمشەو توانیویانە ١٨٨ کورسی کۆبکەنەوە.

هەرچی کوتلەکەی کە لەلایەن عامری و مالیکیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت بانگەشەی ئەوە دەکەن ١٤٥ کورسیان کۆکردووەتەوە، کە ئەگەر کوردیشی بخەیتەسەر ئەوا زۆر لەو ژمارەی کورسیانە زیاتر دەبێت کە پەرلەمانی عێراق هەیەتی بە هەردوو کوتلەکە بۆیە تا ئێستا شەڕی ڕاگەیاندنیش بەشێکە لەپێکهێنانی گەورەترین کوتکلەی پەرلەمانی..

یاسین تەها ڕۆژنامەنوسی شارەزای بواری کاروباری عێراق، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی دادگا یەکلایی دەکاتەوە کێ زۆرینەیە چونکە هەر سەرۆک لیستێک ژمارەیەکی بۆ خۆی نووسیوە بەبێ حسابکردنی ئینشیقاقەکان. جا ئەبێ ئەوە ساغ بکرێتەوە پەڕلەمانتاران تاک تاک دەبێ ئیمزا بکەن یان کەسێک بۆ کوتلەکەی خۆی.

نوری مالیکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا درەنگانیکی ئەمشەو کوتلەی بنیاتنانی ڕاگەیاند، ئەو جەختی کردەوە کە کوتلەکەی ئەوان دەتوانێت حکومەتی عێراق پێکبهێنێت.

بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرجەم لایەنە کوردییەکان لەبەغدا ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان کە بڕیاریداوە بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات و تا ئێستاش تەنها نەوەی نوێ خۆی یەکلایی کردووەتەوە و چووتە بەرەی عەبادی و سەدرەوە کە بە بەرەی ئەمریکییەکان ناسراوە.



AM:02:25:03/09/2018