پارتی: یەکێتی و گۆڕان لە زیادبوونی دەنگەکانی پارتی دەترسن

 وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێوایە یەکێتی و گۆڕان دەترسن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی پارتی زیادبکات.

مەحموود محەمەد، وتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بەمیدیاکانی پارتی راگەیاندووە "ھەموو ڕێکارە یاساییەکان بۆ ھەڵبژاردن ئەنجام دراون و ھێچ کێشەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا نییە، بۆ ئەوەی ڕێگر بێت لە پێش ئەنجامدانی، کەواتە دەبێ ھۆکار چی بێت؟، کە کادیرەکانی یەکێتیی نیشتمانی و گۆڕان، لە تیڤییەکانەوە باسی ئەوە دەکەن ترسیان لەوەیە پارتی دەنگی زۆر بھێنێت".

وتەبێژی پارتی، ئەوەش دەپرسێت، " باشە ھەڵبژاردن بۆ دەکرێت؟، ھەموو ھەوڵیان ئەوەیە دەنگی زۆرتر بێھێنن، بۆیە ھیچ پاساوێکی مەنتیقی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن نابینرێت و ئەنجامدانی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە و پێشبینیش دەکرێت ھەڵبژاردن بکرێت، دەشڵێت: ”ھەرچەندە دەبوو لە بەھاری ڕابردوودا ھەڵبژاردن بکرایە، بەڵام ئەو کاتە زۆربەی لایەنەکان داوای درێژکردنەوەی پەرلەمانیان کرد، ئێمەش وەک پارتی ڕازی نەبووین بەوە، بەڵام لەبەر پاراستنی یەکڕیزیی ناو ماڵی کوردستان و لەبەر ئەوەی نەڵێن پارتی بەتەنیا بۆچوونی جیاوازی ھەیە، پێی ڕازی بووین".

ئاشکراشی کرد، ئەوانەی ئەو ھەموو گلەیی و گازەندانەی ”خەڵکیان پێ چەواشە دەکرد و باسی ناشەفافی و نادیار و ناڕوونیی کۆمەڵێک شتیان دەکرد"، با بفەرموون ھەڵبژاردنێکی نوێ بکەین و پەرلەمانێکی نوێ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت و حکوومەت و کابینەی نوێ دابمەزرێت، تا پشتیوانیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەھێزی ھەبێت، دەشڵێت: ”ئەوەندەی دەکرێت ھەموومان ھەوڵ بدەین و ڕێگا بۆ ھەڵبژاردن خۆش بکەین، تا دەسەڵاتەکانی سەرتاسەریی کوردستان جێبەجێ بکرێت و ببێتە حکوومەتی سەرتاسەری کوردستان، ھەروەھا ئەم زۆن و زۆنکارییەش نەمێنێت کە تاکوو ئێستاش ھەر ماوە".

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی، ئاماژەی بەوەش دا ”پارتی لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێ کێشەیە، لەبەر ئەوەی جاری پێشوو زیانیان بەرکەوت، بەتایبەت لە سلێمانی و مووسڵ، نیگەرانییان ھەبوو، بۆ ئێستاش مەرجیان ھەیە و دەبێ زەمینەیەکی لەبار دروست بکرێت، ھەمووان وەک یەک دەنگدەرانییان ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن و ھیچ لایەنێک دەست بۆ کاری ناڕەوا و ساختەکاری نەبات".



PM:10:12:03/09/2018