لایەنە سیاسیەکانی سلێمانی ئاگادار دەکرێنەوە

لیژنەی ئەمنی سلێمانی ژمارەیەک بڕیار دەردەکات تایبەت بەبەڕێوەچونی بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێمیش پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان دەکات.

 

ئەمڕۆ ١١ی ٩ی ٢٠١٨ لیژنەی ئەمنی سلێمانی تایبەت بەبەڕێوەچونی بانگەشەی ھەڵبژاردن کۆبونەوەی ئەنجامداو ژمارەیەک بڕیاریان تایبەت بەبانگەشەی ھەڵبژاردن دەرکرد.

 

لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بڕیارەکانی ڕایگەیاند "بڕیاردراوە بەپابەندبون و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە دانراون".

وتیشی "یەکێک لەبڕیارەکان قەدەغەکردنی بانگەشەیە لەشەقامەکانی (سالم، مەلەوی، پیرەمێردو مەلیک مەحمود)، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنەکان خۆیان بەدوربگرن لەبانگەشە لەو شەقامانە".

 

ئەوەشی ڕونکردەوە، "ھەر قەوارەیەکی سیاسی بیەوێت بنکەی بانگەشە بکاتەوە، دەبێت پێشوەختە مۆڵەت لەلیژنەی ئەمنیی وەربگرێت".

 

ھەر لەو کۆنگرەیەدا د.ڕێبین ئەبوبەکر بەڕێوەبەری فەرمانگەی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لەھەرێم ڕایگەیاند، "نزیکەی ١٧ ڕۆژ بانگەشە بەردەوامدەبێت، ھەوڵدەدەین بەشێوەیەکی ئارام پرۆسەکە بەڕێوەبچێت".

 

لەپەیامێکیشدا بۆ لایەنە سیاسییەکان د.ڕێبین وتی:"داواش لەلایەنە سیاسیەکان دەکەین پابەندی ئەو بڕیارانەبن کە لەلایەن لیژنەی ئەمنیەوە دەردەکرێن".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەشەوی ڕابردوەوە کە بانگەشە دەستپێکردوە، بەشێوەیەکی باش پابەندبون دەبینرێت، بەو ھیوایەین بەھەمانشێوە بانگەشەکە بەردەوامبێت تا ئاسایش و ئەمنیەتی شار بپارێزرێت

PM:07:53:11/09/2018