"سپی" نوسراوێکی نهێنی هاوپەیمانی بڵاودەکاتەوە

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە ڕێنماییەکی نهێنیدا کە بۆ ئۆرگەناکەنی ناوخۆی ئەو حزبە نێردراوە ئاماژە بە ڕێکەوتنی سیاسی لەگەڵ یەکێتی دەکات.

لە نوسراوەکەدا کە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە بۆ بڵاوکردنەوە نیە تایبەت دەست "سپی میدیا" کەوتووە تیایدا هاتووە "هاوپەیمانی وەک دیدگایەکی جێگیر باوەڕمان بە دیالۆگی نیشتمانی هەمەلایەنە هەیە و بەردەوامین لەسەر ئەم پرانسیپە لە گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە پێناو یەکخستنی هێزە کوردیەکان، و لەم بارەیەوە کۆمەڵێ ووتوێژ لەگەڵ یەکیتی نیشتمانی کوردستان لە ئارادایە بە ئاراستەی ریکەوتنیکی سیاسی نیوان هاوپەیمانی و یەکیتی".

دەقی نوسراوەکە تەنها لە "سپی""یەوە:

هاودیدانی بەڕێز
بابەت/ ڕێنمایی ناوخۆ بۆ بڵاوکردنەوە نیە

سەبارەت بە هەڵوێستی هاوپەیمانی لە مەڕ هەڵمەتی هەڵبژاردن و ئەرکی هاودیدان لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەم ڕێنماییانەی لای خوارەوە ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکەین، کەلە چوارچێوەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی ١٢/٩/٢٠١٨ی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و دەستەی دامەزرێنەر دیاری کراوە، ئەمەش پوختەی ئەم ڕێنمایانەیە و هیواخوازین هاودیدانمان پێوەی پابەند بن:

١) هاوپەیمانی وەک پێشتر ڕایگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین بەهۆی کەموکورتی و کەلێنی زۆری تۆماری دەنگدەران و ناهاوسەنگی لە پێکهاتەی کۆمسیۆن و کەموکورتی یاسای هەڵبژاردن و کەلێنی ڕێکارە یاساییەکانی هەڵبژاردن، کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دەرکراوە، هەرچەندە هەموو ئامادەسازیەکانمان ئەنجامدابوو، بەڵام بەهۆی بەدەمەوە نەهاتنی کۆمسیۆن  بۆ پێشنیارو تانە و ڕاپۆرتەکانی هاوپەیمانی، گەیشتینە بڕیاری بەشداری نەکردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨.

٢) ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانی بریتی نیە لە بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی کوردستان، بەڵکو بەشداری نەکردنە لە هەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨، چونکە هەڵبژاردن بەیەکێک لە میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەزانین.

٣) سەبارەت بە ئەرکی هاودیدان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ڕۆژی دەنگدان، لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایی نوێتان پێ ڕادەگەیەنین لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەدا هەڵسوکەوت و جموجۆڵی سیاسی خۆمان دیاریدەکەین.

٤) لیژنەی تەشکیلات کۆی دەڤەر و دامەزراوەکانی پێکهێناوە و بەردەوامن لە پێکهێنانی تەواوی ئۆرگانەکانی هاوپەیمانی وەبەردەوام دەبین لە کاری خۆرێکخستنەوەمان، بۆیە داوا لە هاودیدە بەڕێزەکانیشمان دەکەین بەردەوام بن لە پشتگیری نواندن و بەهێزکردنی ئۆرگانەکان و خەباتی جەماوەری.

٥) هاوپەیمانی وەک دیدگایەکی جێگیر باوەڕمان بە دیالۆگی نیشتمانی هەمەلایەنە هەیە و بەردەوامین لەسەر ئەم پرانسیپە لە گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە پێناو یەکخستنی هێزە کوردیەکان، و لەم بارەیەوە کۆمەڵێ ووتوێژ لەگەڵ یەکیتی نیشتمانی کوردستان لە ئارادایە بە ئاراستەی ریکەوتنیکی سیاسی نیوان هاوپەیمانی و یەکیتی.

٦) هیواخوازین پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە ئەنجام بدرێت و هەڵمەتی هەڵبژاردن نەبێتە هۆی دروستکردنی گرژی و کەلێنی زیاتر لە نێو ڕێزەکانی گەلی کوردستاندا.

دەستەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنی بەرێوەبردن
((12/9/2018))



PM:07:16:13/09/2018