سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر یه‌كێتی‌

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكرات له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ واباشه‌ "یه‌كێتی خۆی فێری ئه‌لف و بێی سیاسی بكاته‌وه‌".

ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكرات له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و كاندیدی‌ ئه‌و حزبه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پەرلەمانی کوردستان له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك بۆ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان نووسیویه‌تی‌ "غرووری سیاسی به‌ر له‌سه‌ری خه‌ڵكی سه‌ری خۆتان ....".

ئومێد خۆشناو ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن براده‌رانی یه‌كێتیه‌وه‌ له‌باره‌ی ئیستیحقاقی سه‌رۆك كۆمارییه‌وه‌ ده‌گوترێ، له‌ هیچ تیۆرێكی سیاسی و دیموكراسی وێنه‌ی نییه‌".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "نه‌خشه‌ی سیاسی عیراق به‌ئاشكرا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ هی كورده‌ و هی یه‌كێتی نییه‌".

ده‌شڵێت "ئاخر هیچ عاقلمه‌ندێك ئه‌و هه‌رزان بازاڕیه‌ی ناو ماڵی یه‌كێتی قبوول نییه‌، چ مه‌عقولییه‌تێكی تێدایه‌ حیزبێك ناوماڵی وه‌ك ره‌شماڵ بێت، كه‌چی ئیدیعای بناغه‌ی كۆنكریتی بۆخۆی بكات...؟!!".

ئه‌و كاندیده‌ی‌ پارتی‌ ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "غرووری سیاسی وه‌كو به‌رداخ پێوانه‌و راده‌یه‌كی دیاری كراوی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پڕ بوو ئیدی لێی‌ ده‌رژێ".

ئومێد خۆشناو راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "بۆیه‌ واباشه‌ یه‌كێتی موراجه‌عه‌ی خۆی بكاته‌وه‌و به‌ جوانی خۆی فێری ئه‌لف و بێی سیاسی بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی سه‌عی نه‌كات، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان هه‌ر به‌ ئیكمالی ده‌مێنێته‌وه‌.....!!".



PM:03:50:24/09/2018