شیۆعی: ناکرێت ڕیفراندۆم وەک بابەتێکی حزبی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت

سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند ناکرێت ڕیفراندۆم وەک بابەتێکی حزبی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

سکرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان د. کاوە مەحمود بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە ریفراندۆم ویستگەیەکی مێژووییە لە کاروانی تێکۆشانی نیشتمانی گەلی کوردستان، و چەمکی سەربەخویی کردە بابەتێکی کۆمەلگەیی گشتی، بۆیە ناکرێ وەک بۆنەیەکی حزبی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

د. کاوە محمود دەشڵێت، ئەم پرۆسەیە وەک میکانیزمێک بۆ دەڕبرینی ڕای خەڵکی کوردستان ئەنجام درا، و مێژوو ئەوەی تۆمارکرد کە 93%ی خەڵکی کوردستان دەنگی دا، و ئەم ئەنجامەش بوو بە بەڵگەنامەیەکی ستراتیجی مێژووی، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ریفراندۆمیان وەک بابەتێکی ململانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. مەسەلەی سەرەکی گەلی کوردستان مەسەلەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانە، نەک ریفراندۆم کە یەکێکە لە میکانیزمەکانی مافی بریاردانی چارەنوس، بەڵام بە هۆی ملمڵانێی حزبییەوە ئەم هەنگاوە مێژووییە کە گەلی کوردستان تۆماری کردوە بە عەقلیەتێکی بەرتەسکی حزبی بە ئەرێنی یان نەرێنی هەڵوێستی لێوەردەگیرێت.

ڕاشیگەیاندووە "ریفراندۆم ئەنجامدراو کۆتایی هات، بەڵام مەسەلەی سەرەکی ئێمە سەربەخۆییە کە زامنی سەرەکی مافەکانی گەلەکەمانە، و پێویستە کار بۆ وەدیهێنانی زەمینەی گونجا و پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی بکەین، و شیوعییەکان لە تێکۆشاندا بۆ بریاردانی مافی چارەنووسی گەلی کوردستان پەشیمان نابنەوە،و بە شەرمەوە داکۆکی لێناکەن".



PM:06:33:25/09/2018