فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیەندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ساڵێك لەمەوبەر بە بڕیارێكی حكومەتی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێر ڕاگیرا و داواش لە حکومەتی ناوەندی دەکات چارەسەری ئەو کێشەیە بکات.

ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، "ساڵێك لەمەوبەر و لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی لەهەرێمی كوردستان لە ٢٠١٧/٩/٢٩ بە بڕیارێكی حكومەتی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێر ڕاگیرا و ماوەی پێنج مانگ و نیوی خایاند".

ئەوەش هاتووە،"بە بڕیارێكی حكومەتی عێراق گەشتەكان دەستی پێكردەوە، وێڕای هەوڵێكی زۆر لەلایەن لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام تا ئێستا گەمارۆی ئاسمانی لەلایەن حكوومەتی توركیاوە بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی بەردەوامە كە ئەمە بابەتێكی سیادییە و پێویستە حكومەتی عێراق چارەسەری بكات پەپێی ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی بەینی هەردوو ووڵات".

ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی ئەیلول ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتیەکانی فرۆکەخانەی سلێمانیدا تێدەپەڕێت، تا ئێستاش گەشتەکانی نێوان تورکیا و هەرێم لەو فرۆکەخانەیەوە دەستیانپێنەکردوەتەوە.


PM:05:50:29/09/2018