ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، شەوی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری ڕەگەزنامە و ناسنامە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ساختە درووست کراون.
بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسینێکی بە ناونیشانی (گاڵتەجاڕی نەک هەڵبژاردن) بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەمشەو ژمارەیەکی زۆر (رەگەزنامەی عێراقی) و (هوية احوال مدني)ی پڕ نەکراوە لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی دوو کە تایبەتە بە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بارەگاکەی لە کەلار، براوە".
وتیشی " شەوی ڕابردوو چەند ئەفسەرێک کلیلی ئەو ژوورانەیان کە بەڵگەنامەکانی تێدایە، لە کارمەندەکانی بەشەکە وەرگرتووە و ھەموو بەڵگەکانیان بردووە، ئەمەش "مەترسییەکی ئێجگار گەورەیە و لە ئێستاوە ھەڵبژاردن نەک تەنیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو پێناسەکەشی لە کوردستان لە بنەمای دیموکراسییەوە دەگۆڕێ بۆ گاڵتەجاڕی".
بێستوون فایەق دەڵێ ئەوان بە فەرمی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقیان لەم "ئابڕووچوونە" ئاگادار کردووەتەوە.