بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی سەرۆکی عێراق هەوڵ دەدرێت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبەغدا کۆببنەوە

سبەی پرسی سەرۆکی عێراق لە پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە، هەوڵدەدرێت ئێوارەی ئەمڕۆ ١ ی تشرینی یەکەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبەغدا کۆبکرێنەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی ئەو حەوت کاندیدەی پۆستی سەرۆک کۆمار کە هەردوو کاندیدای پارتی، د.فواد حسێن و د.بەرهەم ساڵح کاندیدای یەکێتی لە نێوانیاندا کاردەکرێت بۆ کۆبوونەوەی فراکسیۆن کوردستانییەکان تا ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە".

ئەو هەوڵەی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەدرێت، وەک سپی زانیوویەتی زیاتر لەلایەن پارتیەوە ئەنجامدەدرێت، بەتایبەتی پاش راگەیاندنەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە دوێنێ بلآویکردەوە ئەویش هاوڕایە لەگەڵ مەسعود بارزانی و پشتگیری ئەوە دەکات کە ئەو پرسە لە ناو فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکلایی بکرێتەوە، بەلآم تا ئێستا کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەم و چەندان ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی لەگەڵ ئەو بۆچوونەی هێرۆ ئیبراهیم نین.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سازدانی جۆرە کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ئەستەمە، لە کاتێکدا کە زەحمەتە نوێنەرانی کۆمەڵی ئیسلامی و گۆڕان و نەوەی نوێ و یەکگرتوو لە جۆرە پرسێکی لەو شێوەیەدا بەشداری بکەن.
 
سەرچاوەکەی سپی پێیوایە ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو پرسە نەگەنە رێککەوتن، ئەوا سبەی پرسە دەخرێتە نێو پەرلەمانی عێراق و هەر ٧ بەربژێرەکە دەخرێتە دەنگدانەوە.




AM:09:26:01/10/2018