هۆشیار عەبدوڵا تەلەفزیۆنی KNN جێدەهێڵێت

هۆشیار عەبدوڵا میدیاکارو پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق کە بۆ ماوەیەک ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کەناڵی KNNلەهەڵمەتی هەڵبژاردندا پێسپێردرابوو، ئەمڕۆ ئەو پۆستەی جێهشت و بەڕێوەبەرە کۆنەکە د. ئاکۆ محەمەد گەڕایەوە سەر کارەکەی.

لە نووسینێک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت " لیژنەی هەڵبژاردنی گۆڕان ، پێش یانزە رۆژ رایانسپاردم کە لە خزمەتی کارمەندەکانی کەی ئێن ئێن دابم بۆ بەرێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن،ئەمرۆ دوا رۆژی ئەو ئەرکە بو کە پێمان سپێردرا بو" .

دەقی نووسینەکەی هۆشیار عەبدوڵا
سوپاس بۆ گۆڕانخوازان
سوپاس بۆ ماندونەناسەکانی کەی ئێن ئین ..
لیژنەی هەڵبژاردنی گۆڕان ، پێش یانزە رۆژ رایانسپاردم کە لە خزمەتی کارمەندەکانی کەی ئێن ئێن دابم بۆ بەرێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن،ئەمرۆ دوا رۆژی ئەو ئەرکە بو کە پێمان سپێردرا بو .
دەمەوێت سوپاسی گۆرانخوازان بکەم بۆ بەشداریان لە هەڵبژاردن ، سەرباری ململانێ یەکی نابەرابەر لەگەڵ یەکێتی و پارتی ، سەرباری بونی پارە و پول و موڵکی گشتی لەدەستیاندا ، سەرباری بونی کێشەی گەورەی قیادە لە گۆڕاندا ، توانیان بیسەلمێنن کە ئەوان لەسەر رێبازی گۆڕانخوازی بەردەوامن و ئەنجامە بەراییەکان دەڵێن گۆڕان لەو پیلانەی کە بۆی دانرابو بەوەی کۆتایی پێبهێنرێت و تەواو بچوک بکرێتەوە سەرکەوتوانە رزگاری بوە و بۆ چوار ساڵی داهاتوو گۆڕان وەک هێزێکی کاریگەر و سەنگین دەمێنێتەوە و گۆڕانێکی ئەوتۆ لە ریزبەندی هێزەکاندا نابێت ، ئەوە بەمانای ئەوە نیە کە گۆڕان و گۆڕانخوازان و دڵسۆزانیی هەڵوەستەی جدی لەسەر ئەنجام و هۆکار و رەهەندە جیاکانی نەکەن یاخود پەلە نەکەن لە گۆرانکاری ریشەیی دەستبەجێی ناوخۆیی.
سوپاس بۆ کارمەندانی کەی ئێن ئێن کە سەلماندیان ئەوان هەر جەنگاوەرە ئازاکەی دوێنێن ، سوپاس بۆ کارمەندانی کەی ئێن ئێن کە بە ئیمکانیاتێکی کەمەوە ململانێیەکی ئازایانەیان لەگەڵ میدیای نەوتی بنەماڵەکاندا کرد و هەڵمەتێکی بانگەشەی ئازایانەیان بەرێوەبرد .
جێگەی شانازیم بو کە بۆماوەی کەمتر لە دو هەفتە لە خزمەتیی چەند گەنج و گۆرانخواز و میدیاکارێکی ئازا لەم قۆناغە سەختەی گۆراندا شانمان دایە بەر ئەو ئەرکە .
گۆڕان سەرباری کێشەکانی ، سەرباری کەموکوڕیەکانیی هێشتا ئەگەر ساختەکاری نەبێت دەنگەکانیی زیاترن و یەکێتی و پارتیش تەزویر نەبێت زۆر بچوکترن.
ئەرکی پاراستنیی دەنگەکان و قبوڵنەکردنیی ساختەکاری و دەستوەردان لە ئەنجامەکان ئەرکی بزوتنەوەکەیە و دەبێت ماندوێتی و دڵسۆزی و گۆرانخوازان و میدیاکارانیی لەبەرچاوبگرێت .
گۆڕان بۆ سبەی و دو سبەی ئەرکی پاراستنیی دەنگەکانە ، راستەوخۆش دوای یەکلابونەوەی دەنگەکان دەبێت گۆرانکاری ریشەیی ناوخۆیی ئەنجامبدات .
جارێکی تر لە دڵەوە دەڵێم سوپاس بۆ هەمو کەسێک کە دەنگی داوە بە گۆڕان و وەفادار بو بەرامبەر رێبازەکەی نەوشیروان مستەفا و سوپاسیش بۆ تێکرای میدیاکارە لەخۆبوردوەکانی کەی ئێن ئێن .
هۆشیار عەبدوڵا
۱ی۱٠ی۲٠۱۸
دوشەممە



AM:10:00:01/10/2018