دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بڕیاریدا

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاریدا، سێ شارەزا دیاری بكرێن بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێی تەكنیكی لەبارەی تانەی وەزارەتی نەوت سەبارەت بە دەرهێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستان و فرۆشتنی، ئامادە بكەن، هاوكات دانیشتنەكە بۆ 6/ 11/ 2018، دواخرا.

ئیاس سامۆك، وتەبێژی دادگاكە، لە ڕاگەیاندراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە ڕایگەیاند"دادگای باڵای فیدڕاڵی بەسەرۆكایەتی میدحەت مەحموود و ئامادەبوونی هەموو دادوەرەكانی، دادبینی لەو داوایە كرد، كە وەزیری نەوت لەبارەی دەرهێنانی نەوت لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پێشكەشی كردووە".

ئاماژەی بەوەش دا، كە دانیشتنەكە، بەئامادەبوونی بریكارانی سكاڵاكەر و لایەنی سكاڵالێكراو، هەروەها بریكارانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزیری دارایی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەچوو.

لەو دانیشتنەدا، دادگا بڕیاریدا، سێ شارەزا دیاری بكرێن بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی تەكنیكی "سێ شارەزاكە لەلایەن، سەندیكای ئابوورینانسانی عێراق، سەندیكای جیۆلۆجییەكان و كۆمەڵەی ئەندازیارانی عێراق، كاندید دەكرێن و پشت بە شارەزاییان دەبەسترێت".

ئاشكراشی كرد، كە ڕاسپاردنی شارەزاكان و سوێندخواردنی یاساییان لە 9/ 10/ 2018 دەبێت، دانیشتنەكەش بۆ ڕۆژی 6/ 11/ 2018، دوادەخرێت بۆ ئەوەی شارەزاكان ڕاپۆرتەكەیان، ئامادە بكەن.



AM:11:50:03/10/2018