" ئەمساڵ هەزار و 777 كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنكاون "


رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی و دەزگای كۆچی نەتەوەیەكگرتووەكان رایانگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو 3ی ئۆكتۆبەر، 84 هەزار كۆچبەر و پەنابەر لە رێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ولاتانی ئەوروپاو هەزارو ٧٧٧ هاوڵاتی خنکاون.

رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی و دەزگای كۆچی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە باس لەوە دەکەن " لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا سێ ئەم مانگە، 84 هەزارو 345 كۆچبەر و پەنابەر لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئەوروپا، و زیاتر لە 38 هەزاریان چوونەتە ئیسپانیا".

ئەو رێکخراوە  بڵاویکردۆتەوە " ساڵی رابردوو ژمارەی كۆچبەرانی گەیشتوو بە ئەوروپا لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە 139 هەزار 677 كەس بوون، هاوكات ساڵی 2016ش نزیكەی 312 هەزار و 153 كەس بووە."

 ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەی مردووان لە رێگای کۆچ بوەرەو ئەورپا بە بەرزیی ماوەتەوە و هەزار و 777 كۆچبەر خنكاون، لەكاتێكدا ساڵی ڕابردوو لەم كاتەدا دوو هەزار و 749 كەس خنكاون و ساڵی 2016ش سێ هەزار و 682 كەس خنكاون.

پڕۆژەی كۆچبەرانی بێسەروشوێنی سەر بە ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە، زیاتر لە سەدا 60ی ئەو كۆچبەرانەی لە جیهاندا مردوون لە دەریای ناوەڕاستدا بووە، كە نوێترینیان نقومبوونی بەلەمێك بوو لە یەكی ئۆكتۆبەردا لە نێوان مەغریب و ئیسپانیا، كە بووە هۆی مردنی 11 كەس و بێسەروشوێنبوونی 23 كەسی دیكە و 26 كەسیش ڕزگاریان بوو.

هەروەها هاتووە"  لە نێوان مانگی كانوونی دووەم تاوەكو ئەیلولی ئەمساڵ، 21 هەزار و 59 كۆچبەری نایاسایی تۆماركراون كە چوونەتە ئەو وڵاتانە و زۆرینەیان خەڵكی عێراق و سوریا و پاكستان و ئێران و جەزائیر بوو".



AM:12:09:06/10/2018