بێژەرو پێشکەشکاری ئێن ئاڕتی مەریوان حەسەن ئاشکرادەکات و لە چاوپێکەوتنێکدا ژیانی کۆمەڵایەتی و چیرۆکی خۆشەویستی دەخاتەڕوو.
مەریوان حەسەن ئەحمەد کە ١٢ ساڵە لەبواری راگەیاندندا بەردەوامە و لەسەرەتای دامەزراندنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی یەوە لە کەناڵەکە کاردەکات، لە سەرەتای کردنەوەی کەناڵەکەدا وەک پەیامنێر دەرکەوتووە و پاشان وەک هەواڵساز و سەرنوسەر و ئێستاش بێژەر و پێشکەشکارە.
هەرچەندە زۆرترین کات ئەوەی رووبەڕووبووتەوە کە بۆچی وەک کەسێکی وشک و جدی دەردەکەوێت، بەڵام ئەو دەڵێت، بەوشێوەیە نییە و بەپێچەوانەوە بەدەر لە کاتەکانی ئیشکردن، کاتەکانی تری بە سوعبەتی برادەرانە و هاوڕێیانە بەسەر دەبات و ئەو کارەشی بەمەبەستی رەواندنەوەی ئەو سترێسەیە کە بەهۆی کارکردنەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا تۆڕێکی فراوانی هاوڕێیەتی هەیە و کەسێکی کۆمەڵایەتییە، لە دەرەوەی کاری راگەیاندنیش پەیوەندیی هاوڕییەتی بەهێزە.
بەوپێیەی مەریوان جگە لە کاری راگەیاندن توێژەری کۆمەڵایەتییەو بەشی دەروونناسی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە، هەندێ لەکاتەکانی بۆ خوێندنەوە یان بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو بوارە تایبەتەدا تەرخان دەکات.
مەریوان لەبارەی بوونی پەیوەندیی خۆشەویستیی پێش هاوسەرگیرییەوە دەڵێت: یەک کچم خۆشویستووە ناوی ڤینایە، ئێستا خۆشبەختانە هاوسەرمە، کەسێکی تێگەشتووە و ئەگەر پێشتر پەیوەندییەکی خۆشەویستیم هەبووایە پێشتر بۆم باسدەکرد، چونکە دڵنیام لەوە تێدەگات.