مامۆستایەکی ئاینی گروپێکی میوزیک دروست دەکات و لە کارەکەی دووردەخرێتەوە

بەپێی هەواڵی میدیا تورکییەکان وەزارەتی ئەوقافی تورکیا بەهۆی دامەزراندنی گروپێکی موزیک و گۆرانی پێشنوێژی مزگەوتێکیان لە کارەکەی دەوورخستەوە.

ئەحمەد موحسین توزر پێشنوێژی مزگەوتێک لە ناوچەی باشوری ئەنتاڵیا لەگەڵ دوو هاوڕێیدا گروپێکی موزیک و گۆرانیان بەناوی "فیروک" دامەزراندووە، لە ساڵی ٢٠١٣ چەندین ئاهەنگیان ئەنجامداوە و لەساڵی ٢٠١٤ ئەلبومێکیان بڵاوکردووەتەوە، بە تێکەڵکردنی مۆسیقای ڕۆک و سۆفیگەری کارە هونەرییەکانیان بە ئەنجامداوە.

لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا ئەنجومەنی ئاینەکان لە وەزارەتی ئەوقافی تورکیا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد لەسەر ئەحمەدی تەمەن ٤٧ ساڵ، کە لە چەندین ئاهەنگی مۆسیقیدا بەشداریکردووە و دوو ڕۆژ درەنگتر لە وادەی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ کارەکەی کە لە ڕۆمانیا بووە، لەو شارەی کە ژنەکەی تێیدا لەدایکبووە.

ئەنجومەنی دامەزراندن و گۆڕانکاریی ئاینەکانی سەربە وەزارەتی ئەوقافی تورکیا دوای لێکۆڵینەوە لە ئەحمەدی پێشنوێژ بڕیاری دوورخستنەوەیان لە کارەکەیدا.

لە ماڵپەڕی حوڕییەتی تورکیدا هاتووە، بەرپرسانی ئەنجومەنەکە ڕایانگەیاندووە "بەهۆی دەرچونی لە یاسا و خزمەتکردنی ئاینەکان، کارەکانی ئەحمەد پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلامە هەربۆیە بڕیاری دوورخستنەوەی لە کارەکەی دراوە".

لە سەرەتادا ئەنجومەنی ئاینەکان لە تورکیا ڕێگەیان بە گروپە موزیکەکەی ئەحمەد دابوو کە ئاهەنگ لە تورکیا و ئەمەریکا ئەنجامبدات، تا لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕێگەیان گرت لە ئەنجامدانی ئاهەنگێکی موزیکی لە پورتوگال ئەویش دوای ئەوەی وەکو گروپێکی "ڕۆک" لە جیهاندا ناویاندەکرد بوو.



PM:05:31:08/10/2018