جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ نادیە موراد كۆبووەوە

مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ نادیە موراد كۆبووەوە و رایگەیاند، نادیە شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو.

پێنس وێنەی دیدارێكی خۆی و نادیە مورادی لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا ئیڤانكا ترەمپی كچی سەرۆكی ئەمریكا بەشدارە.

لە دیدارەكەدا كە لە كۆشكی سپی بەڕێوەچووە، مایك پێنس پیرۆزبایی لە نادیە موراد كردووە بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و نووسیویەتی "خۆتەرخانكردن و ئازایەتی نادیە بۆ هاوكاریكردنی قوربانیانی كارە دڕندانەكانی داعش ئیلهام بەخشە."

جێگری سەرۆكی ئەمریكا دووپاتیكردەوە كە نادیە موراد كچە كوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش شایستەی خەڵاتەكە بووە.

رۆژی هەینی ٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨، پەیمانگەی نەرویجی خەڵاتەكانی نۆبڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، لە مەراسیمێكدا كچە كوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موكوێگی پزیشكی كۆنگۆیی وەك براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ ئاشكراكرد.

بەهای خەڵاتەكە یەك ملیۆن دۆلارە و رۆژی ١٠ی مانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ لە ئاهەنگێكدا لە ئۆسلۆ دەدرێت بە نادیە موراد و دێنیس موكوێگی.




AM:09:12:10/10/2018