١٢٠٠ دوکان لەهەولێر سوتاوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی تشرینی یەکەم، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەوهۆیەوە 1200 دووکان سووتاون و تائێستاش ئاگرەکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵنەکراوە.

پەیامنێری سپی لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی بە چەندین ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوەو هەروەها بە کۆپتەریش هەوڵی رژاندنی ئاو و کۆنترۆڵکردنی دەدرێت.

وتیشی، لە کۆی دوو هەزار و 400 دوکان  نیوەی دوکانەکان کە دەکانە نیزکەی هەزار و 200 دوکان دوتاون و خاوەن دووکان و فرۆشگەکان خۆیان کەلوپەل و کاڵاکانی نێو دووکانەکانیان دەردەکەن بۆ ئەوەی بەتەواوی نەسووتێن.

جێی ئاماژەیە تائێستا دیار نییە چەندی بازاڕەکە سووتاوە، بەڵام جگە لە زیانی ماددی هیچ  زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە لە ئێستاشدا تەنیا ناوەڕاستی بازاڕەکە ئاگری تێدا ماوەو، تیمەکانمان ناتوانن بچنە ژوورەوە چونکە سەقفی دووکانەکان سووتاون و رووخاون.

لایخۆشییەوە، 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی راگەیاندووە "راستەوخۆ دوای ئاگادارکردنەوەمان گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، بینیمان ئاگرێکی زۆر بوو، دەتوانم بڵێم لەو 2400 دووکانەی لەنێو ئەو بازاڕە هەبوون، نیوەیان سووتاون، کاسبکارەکانی نێو بازاڕەکەش ئەوەی پێیانکراوە توانیویانە بەشێک لە کەلوپەلەکانیان دەربهێنن، ئەوەی دیکە سووتاوە".

لەبەرئەوەی بازاڕەکە شوێنی ئەوەی نییە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە بگەنە ژوورەوە، هاوکات قوڵاییەکی زۆری هەیە و کەوتووەتە نێوان هەردوو شەقامی 40 مەتری و 100 مەتریی هەولێر، گەیشتن بە قوڵاییەکەی ئاسان نییە بۆیە قایمقامی هەولێر دەڵێ "دوامانکردووە لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئاو بەو شوێنانەدا بکرێت کە سۆندەکانی ئاگرکوژێنەوەی پێی ناگەن".

بازاڕی لەنگە پێکهاتووە لە دوو هەزار و 400 دووکان، پێشتر لە شوێنێکی دیکە بوو و 10 ساڵ پێش ئێستا گواستراوەتەوە ئەو شوێنەی ئێستای. 
 


PM:12:28:25/10/2018