ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەکۆشکی ئیلیزێ لە پاریس لەگەڵ نادیە موراد کچە کوردی ئیزدی ڕزگاربووی دەستی داعش و باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کۆبووەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە، نادیە موراد خاوەنی نۆبڵی ئاشتی ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی ساڵێکدا ئەمە بۆ دووەمین جارە چاوی بە سەرۆکی فەرەنسا دەکەوێت و پشتوانی لە دۆسیەی ئیزدییەکان دەکات.
باسی لەوەشکرد، ماکرۆن بەڵێنی پێداوە فەرەنسا ڕاستەوخۆ بەشداری سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکات و هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ شنگال لە مانگەکانی داهاتوودا کراوە.
باسی لەوەشکرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لەبارەی داڵدەدانی١٠٠ ژنە رزگاربووی دەستی داعش و منداڵەکانیان لە فەرەنسا کردووە.
نادیە موراد کچە کوردێکی ئێزیدییە و ساڵی ١٩٩٣ لە شنگال لەدایكبووە، یەکێکە لە قوربانییەکانی دەستی داعش، لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر شنگال لەلایەن داعشەوە گیراوە و کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە.