وادەی کۆبوونەوەی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا کرا


سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند" شەشی تشرینی دووەم دوا وادەیی یاسایی خوولی چوارەمی پەرلەمانە".
 
بێگەر تاڵبەانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" "شەشی تشرینی دووەم دوا وادەیی یاسایی خوولی ئێستایە كە خوولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانە و کۆبوونەوەیەک پێش ئەو وادەیە رێکدەخەین".

ناوبراو وتیشی " ئێمە وەك پەرلەمانی كوردستان بەر لەو وادەیە بەدڵنیاییەوە كۆدەبینەوە و كۆتایی خوولی چوارەمی پەرلەمان رادەگەیەنیین تا ئەو كاتەش بانگهێشتی خوولی نوێی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی خۆی بكات و هەوڵ دەدەین سوێندی یاسایی بخورێت".

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كە بۆشایی یاسایی دروست نەبێت، واتە لە حەوتی تشرینی دووەم خوولی نوێ دەست بەكارەكانی بكات و كۆ ببێتەوە.
 
 سەبارەت بەوەی لە دوا دانیشتنی خۆیدا خوولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان هیچ پڕۆژە یاسایەك پەسەند دەكات، بێگەر تاڵەبانی وتی: نەخێر بەدڵنیاییەوە ئەمە دانیشتنی كۆتایی ئەم خولەیە و هیچ پڕۆژە یاسایەك پەسەند ناكرێت.
 
دوای هەڵپساردنی پۆستی سەرۆکی هەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بەسەر هەر سێ سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، بانگەشەکردن و دیاریکردنی یەکەم کۆبوونەوەی خوولی نوێی پەرلەمان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریەوە دەبێت، پێشتر ئەو دەسەڵاتە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمدا بوو.



AM:10:25:28/10/2018