مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان کۆبووەوەو لە دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێکی بۆرای گشتی بلاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.

دەقی ڕاگەیانراوەكە...

 ئێوارەی ئەمڕۆ (28/10/2018) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی، بەئامادەبوونی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵەح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی، كۆبونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی بەرێوەچوو. 
 لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی عێراق‌و پێشهات‌و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە هەڵسەنگێنرا، جەخت لە شەراكەتی ڕاستەقینە لە حوكمڕانی‌و جێبەجێكردنی دەستوور.

هەر لە كۆبونەوەكەدا، قۆناغی دوای هەڵبژاردن‌و پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا. مەكتەبی سیاسی جەخیتی كردەوە، كە یەكێتی نەخشەرێگای روونی هەیە لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان‌و دەستكەوتەكان‌و خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. 

لە كۆبونەوەكەدا دووپاتكرایەوە، كە لە قۆناغی نوێ‌ سیاسی‌و حوكمڕانی عێراق  بە گفتوگۆ و لەژێر رۆشنایی دەستور كێشەكانی نێوان هەرێم‌و ناوەند چارەسەر بكرێ‌. 

 یەكریزی لایەنە سیاسیەكان‌و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بوو، لەمبارەیەوە جەختكرایەوە، كە باشترین ڕێگایش بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی بەرپرسیارانەیە لەنێوان یەكێتی‌و پارتی‌و لایەنە سیاسیەكانی تری كوردستان، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌. یەكێتی لەم رووەوە هەنگاو دەنێت بۆ ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان.
 


PM:08:15:28/10/2018