تەقینەوەیەک لە خورماتوو ڕوویدا

وتەبێژی حەشدی شەعبی لە خورماتوو برینداربوونی دوو چەكداری فەوجی شەهید سەدری لە گوندێكی قەزای خورماتوو بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكەوە بە ئۆتۆمبێلەكەیاندا ڕاگەیاند.

عەلی حوسێنی، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو 30/10/2018 لە گوندی (بیرئەحمەد) لە قەزای خورماتوو، بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی فەوجی شەهید سەدردا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە 2 كەس بریندار بوون، بەڵام برینەكانیان سووك بووە".

بەپێی زانیارییەكان یەكێك لە بریندارەكان ناوی (ئەبو موراد)ە كە یاریدەدەری فەرماندەی فەوجەكەیە.

وتەبێژەكەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەش دا "هەر شەوی ڕابردوو لە هەمان شوێن هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی بۆسەیەكیان بۆ چەكدارانی داعش نایەوە و لەكاتی نزیكبوونەوەی 3 ماتۆڕ سواردا بۆ شوێنی بۆسەكە تەقەیان لێ كراوە و هەڵاتوون".

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ لە نزیک مەزارگەی باوە مەحموود لە شاری خانەقین بۆمبێک بە زیارەتکاراندا تەقییەوە و 3 کەس گیانیان لەدەست دا و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون کە دواتر داعش بەپرسیارێتیی ئەو تەقینەوەی گرتە ئەستۆ.



AM:09:42:31/10/2018