کوێستان محەمەد: پێم باشە گۆڕان وەکو ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بەشداری پەرلەمان بکات

کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند" بۆ جێگیربوونی دیموکراسیەت دەبێت ئۆپۆزسیۆن ھەبێت و نابێت حکوومەت لە ھەموو حزبەکان بێت، وەک خۆم پێمباشە گۆڕان وەکو ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بەشداری پەرلەمانی کوردستان بکات ".

کوێستان محەمەد بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەکە ھەردوو بژاردەی بەشداری کابینەی نوێی حکوومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن لە بەردەمدایە، بەڵام بزووتنەوەکە دەیەوێت ئەو بڕیارە لە خوارەوە دروست بکات لەسەر ئاستی بازنە و مەکۆ و ژوورەکانەوە بێتە جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی و ھەموومان پێکەوە ئەو بڕیارە بدەین کە ببینە ئۆپۆزسیۆن یان بچینە حکوومەت.

 ئەوەشی ڕاگەیاندووە" بزووتنەوەکە پێویستی بەوە ھەیە لە کاتی بڕیاردان کارنامەی حکوومەت بزانێت کە کارنامەکەی چییە؟ ئەوەش بزانێت کە بەرکەوتەی ئەم حزبانە چۆنە؟ ئەگینا وەک جاری پێشوو دەبێت کە تەنھا بەشداری پێکردنێکی رەمزیە یان بەشداری پێکردنێکی فعلی و ھاوبەشی راستەقینەیە".

ئەندامەکەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی شاندی حزبەکان دەبینن بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەوکاتە گۆڕان بڕیاری خۆی دەدات.

پێشتریش عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیستی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکای راگەیاندبوو "بەبۆچوونی شەخسی خۆم بێت پێمباشە گۆڕان بەشداريی حکومەت نەکات، ئەوکات لەناو پەرلەماندا هەڵدەستین قسەی خۆمان دەکەین لەسەر ئەو حکومەتەی هەموو گیانی عەیب و عارە، بەڵام بڕیاردان له‌م دۆخه‌دا زۆر قورسه‌ و دەبێت گۆڕان بیر لەوە بکاتەوە ئەگەر بووە ئۆپۆزسیۆن دواتر چی؟"



PM:05:47:02/11/2018