تەقینەوەیەک لە رەققە روویدا و ژمارەیەک هاوڵاتی بوونە قوربانی

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی تشرینی یەکەم دوو تەقینەوە لە شاری رەققەی سووریا روویاندا، بەوهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی کوژران و برینداربوون، کە لەنێو بریندارەکاندا شەڕڤانی هەسەدە هەن.

بەپێی زانیارییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی باسل ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە جۆری سۆزۆکی تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە کەسێکی مەدەنی گیانیلەدەستداوە و حەوت کەسیش برینداربوون، کە لەنێویاندا سێ شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)هەن.

هەر ئێوارەی ئەمڕۆش ئۆتۆمبێلێکی دیکەی بۆمبڕێژکراو لە شەقامی نوور لە شاری رەققە تەقییەوە، کە بەهۆی ئەو تەقینەوەیەش ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون.

لە پاش تەقینەوەکان رێکخراوی تیرۆرستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هەردوو تەقینەوەکەی رەققەی سوریای لە ئەستۆگرت.


PM:08:42:04/11/2018