"شاندێكی وەزارەتی شەهیدان لەبارەی موچەی ئەو توێژەوە دەچنە بەغدا"

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، ناو و ژمارەی تەواوی شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی تۆماركراو لە سیستمی بایۆمەتری دوێنێ رەوانەی حكومەتی فیدڕاڵی كراوە وەڵامی سەرەتایی بەغداش ئەرێنی بووە.

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە،"ھەردوو وەزارەتی شەھیدان و دارایی و تیمی بایۆمەتری ناو و ژمارەی تەواوی شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی تۆماركراو لە سیستمی بایۆمەتری دوێنێ رەوانەی حكومەتی فیدڕاڵی كراوە لە ڕێگای لیژنەیەكی وەزارەتی شەھیدان كەئێستا لە بەغدان بۆ ئەو مەبەستە، سەرجەم بەراییەكانیان گەیاندووە و وەڵامی سەرەتایی دامەزراوەكانی بەغداش ئەرێنی بووە".

هاروەها نووسیویەتی،" سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر عەبادی بە نووسراوی نووسینگەكەی فەرمانیداوە بە وەزارەتی دارایی و دەزگای شەھیدان و دەزگای زیندانیانی سیاسی لە بەغدا بۆ وەرگرتنی وردەكاری ژمارەكان لە ھەرێم بۆ جێبەجێكردنی، و فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیش لاریی نەبوونی خۆیان پیشانداوە بۆ بەجێگەیاندنی".

دەشڵێت، "ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری تەشریعی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە یەكخستنی ئیمتیازاتی كەسوكاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە ھەرێم لەگەڵ ھاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵی، ئەمەش جێبەجێكردنی ماددەی ١٣٢ ی دەستوورە كە بە دەقی ئاشكرا ئەم بابەتەی خستۆتە ئەستۆی حكومەتی فیدڕالی".

رۆژی ٣ی ئەمانگە وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان بە خەندان-ی رایگەیاند، بۆ ئامادەكاری كارەكانی لیژنەی باڵا كە ئامانج لێی هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسییە لەگەڵ بەغدا شاندێكی وەزارەتی شەهیدان دەچنە بەغدا.

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ١٠٠ هەزار لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی مووچە وەردەگرن.



PM:12:50:07/11/2018