بەرپرسێکی گۆڕان مەترسی دووبارە دەرکردنیان لە حکومەت ئاشکرادەکات

عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگه‌یاند، بۆ بەشداری کردن لە حکومەت گۆڕان پێویستی بە سێ گفتوگۆ هەیە، بەڵام ئێستا زووە ئێـمە قسە لەسەر ئەوە بکەین ده‌شڵێت، "هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك نییه‌ ئه‌مجاره‌ش وه‌زیره‌كانی گۆڕان ده‌رنه‌كرێنه‌وه‌".

عەبدولڕەزاق شەریف، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند، "سەبارەت بەبەشداری کردن لە حکومەت بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بە سێ گفتوگۆ هەیە، یەکەم گفتوگۆ لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیە دۆستەکانمان ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ برادەرانی کۆمەڵی ئیسلامی کردووە هەندێک دانیشتن و گفتوگۆی دیکە ماوە لەگەڵ حزبە دۆستەکانی ترمان".

راشیگه‌یاند "دووەم گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو تیمە دەبێت کە رادەسپێرێن بۆ پێکهێنانی حکومەت بێگومان ئەو تیمەش لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت کە ئەوان زۆرترین کورسی پەرلەمانیان هێناوە سەرۆک وەزیران لەوان دەبێت، بەڵام هێشتا ئەو تیمە سەردانی نەکردوین و گفتوگۆکانیان دەست پێنەکردووە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "سێیەم گفتوگۆ کە بەدوای گفتوگۆی دووەمدا دێت بریتیە لەگفتوگۆی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو گفتوگۆیانەش دەبرێنە جڤاتی نیشتمانی و جارێکی تر گفوگۆیان لەسەر دەکرێتەوە و دواجار بڕیاری لەسەر دەدرێت لەبەر ئەوە ئێستا زووە ئێـمە قسە لەسەر ئەوە بکەین کە بڕیارمان داوە لەسەر بەشداری کردن لەحکومەت یاخود بڕیارمان نەداوە، کۆی ئەم گفتوگۆیانە ئەگەر ئەنجامی هەبوو دەچێتە جڤاتی نیشتمانی و لەوێ تاوتوێ دەکرێن و بڕیاری لەسەر دەدرێت".

لەبارەی ئەوەی کەناڕەزایی بەشێک لە خەڵکی گۆڕان دەبینرێت بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەبارەی بەشداری گۆڕان لە حکومەت، ئایا پێویست بە گفتوگۆی ناوخۆیی دەکات؟

عەبدولڕەزاق شەریف وتی "رەنگە ناڕەزایی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئێمە زۆر پێوەر نەبێت بۆ بڕیاردان لە جڤاتی نیشتمانی، بەڵام نەک هەر لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو دەنگە ناڕازییە هەیە بەڵکو لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش و جڤاتی نیشتمانیش ئەو بۆچونە هەیە کە گۆڕان بەشداری حکومەت نەکات بەڵام دواجار وەک وتم هەموو گفوگۆ و بۆچونەکان جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لەسەردەدات بۆ بەشداری کردن لەحکومەت یاخود نا؟".

وتیشی "بابەتەکە دوو دڵی گۆڕان نیە لەبەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردن لەحکومەت، بەڵکو ئەوەی لای ئێمە گرنگە بەرنامەی حکەمەتەکەیە کە چ گۆڕانکاریەک لە رووی ئابووری و سیاسی دەکات".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی چی لە پارتی و یەکێتی گۆڕاوە گۆڕان وا دەیەوێت لەگەڵیان بەشداری حکومەت بکات کە زۆرترین رەخنەی لەو دوحزبە گرتووە لە رابردوو؟

عەبدولڕەزاق شەریف، وتی "هەتا ئەم ساتەی من قسەی تیایدا دەکەم پارتی-ش و یەکێتی-ش هیچ نەگۆڕاوە لە عەقڵیەتی بیرکردنەوەیان، ئەو ئاماژانەی کە لەگەڵ ئێـمە و خەڵکیش مامەڵەی پێدەکەن هەمووی ئاماژەی نەگۆڕینی ئەوانە، بەڵام خۆ ناکرێت تا هەتا هەتایە ئەم کوردستانە لەژێر دەسەڵاتی دوو حزب بێت، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی رووبەڕووی کوردستان کرایەوە، ته‌سلیم بونیان به‌ به‌غدا، ئومێدمان وایە خەڵکە باشەکانی ناو پارتی و یەکێتی بیر بکەنەوە و ئیتر ئێـمەش پێیان بڵێین تا ئێرە و بەس، تا هەمومان بتوانین لەو کەشتیەی تێیداین لەکەنارێکی ئارامی لەنگەر پێبگرین، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لەسەر ئەم عەقڵیەتە بن ئەوا نازانین ئەو گێژاوە بەرەو کوێمان دەبات".

دەربارەی ئەوەی گرەنتی هەیە کە ئەمجارەش وەزیرەکانیان لە حکومەت دەرنەکرێت ئەگەر بەشداری حکومەتیان کرد وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن؟

عەبدولڕەزاق شەریف، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وی گۆڕان له‌ درێژه‌ی وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی: "لە سیاسەتدا هیچ گرەنتیەک نیە، هیچ بەڵێنێک نیە، بەڵام لەبواری کرداری دەردەکەوێت چەندە ئەو بەڵێنانە جێ بەجێ دەکەن، ئێمە تا ئێستا بڕیاری بەشداری کردنمان نەداوە لە حکومەت، ئەگەر بەرنامەی سیاسی و فەرهەنگی و کلتوری و ئابووری حکومەتمان بەدڵ بوو ئەوکات بەشداری دەکەین، ئێمەش ئەمجارە بە پێ خاوسی ناکەوینە ناو حکومەتەوە، هەرچەندە پێشتریش بە بەڵێنی سەرکردەکان چوینە ناو حکومەت بەڵام بەداخەوە ئەو بەڵێنانەیان جێ بەجێ نەکرد ئەو بەڵێنانەش هەمووی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بوو".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان نەیشاردەوە کەهیچ گرەنتیەک نیە ئەمجارەش وەزیرەکانی گۆڕان لەحکومەت دەرنەکرێنەوە لەو ڕوەوە وتی: "هیچ گرەنتیەک نیە ئەوەش نیە بە بەڵێنی هیچ کەس و لایەک هەڵخەڵەتێین بەڵام ئەمە ململانێی سیاسیە، وەک وتم هەموومان لەکەشتیەکداین لەو ململانێیەش بەردەوام دەبین".



PM:03:55:08/11/2018