سپی ناوی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و پەرلەمان بلآودەکاتەوە

هەرچەندە سەرکردایەتی پارتی خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە لەسەر شێوازی حوکمەتی ئایندەی هەرێم کە بەهاوبەشی لەگەڵ یەکێتی دا دەبێت، یان حکومەتی زۆرینە دەبێت، بەلآم یەکێتی بەربژێرەکانی دەستنیشان کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆی لەسەر دوو پۆستی گرنگی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی کرۆدۆتەوەو بەربژێری خۆی بۆ ئەو دوو پۆستە ئامادەیە.

یەکێتی وەک زانیاریەکانی سپی ئاماژەی بۆ دەکەن، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم یەک جێگری هەبێت، لەم کاتەدا یەکێتی قوباد تاڵەبانی جێگری ئێستای سەرۆکی حکومەت لەو پۆستە دادەنێتەوە، بەلآم ئەگەر پارتی جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە سەرۆکی حکومەت دوو جێگری هەبێت، بەپێی زانیاریەکانی سپی قوباد تاڵەبانی ئامادە نییە بە ١٨٠ هەزار دەنگەوە ئەو پۆستە وەربگرێت. لەو دەمەدا ئەگەرێک هەیە ناوبراو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت کە تا ئێستا ئەو پرسەش یەکلایی نەبۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکان قادر حەمەجان کە ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیە، یەکێکە لەو کاندیدانەی کە ئەگەر پارتی پێ لەسەر دوو جێگری بۆ سەرۆکی حکومەت داگرێت، ئەوا پۆستی جێگرێکی سەرۆکی حکومەت دەسپێردرێت بە ناوبراو.

سپی زانیوویەتی کە ئەمە پلانی سەرەکی یەکێتی و بەربژێرەکانی ئەو حیزبەیە بۆ ئەو دوو پۆستە گرنگە، چاوی یەکێتی لەسەر ئەم دوو پۆستەو دوو کاندیدەیە، ئەگەر ئەو پلانە سەری نەگرت، یان بەربژێرەکان ئامادەنەبوون ئەو پۆستانە وەرگرن، ئەو دەمە یەکێتی کەسانی تر بەربژێر دەکات بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.

تا ئێستا پارتی وەک هێزی براوەی یەکەم دەستینەکردووە بە گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ لایەنەکانی ترداو، چاوەڕوانی گەڕانەوە بارزانی لەدەرەوەی ولآت و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەو حیزبە دەکرێت دوای گڕانەوەی.  


 

AM:11:37:11/11/2018