دوا قسەی جەمال خاشقچی پێش كوژرانی چی بووە؟

جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی پێش ئەوەی بكوژرێت، بكوژەكانی تورەكەیان كردوەتە سەری و لە دواقسەشیدا جەمال پێیوتوون، "من لە خنكاندن دەترسم".

بەشی لێكۆڵینەوەكانی رۆژنامەی"سەباح"ی توركی بڵاویكردەوە، ئەو تۆمارە دەنگیانەی بەردەست دەسەڵاتدارانی توركیا كەوتوون، دەریدەخەن جەمال خاشقچی پێش ئەوەی بكوژرێت تورەكەی كراوەتەسەر و تۆمارە دەنگیەكانیش ساتەكانی پێش گیان لەدەستدانی خاشقچییان تۆمار كردوە.

كەناڵی جەزیرەش بڵاویكردەوە، دوا قسەی جەمال خاشقچی، پێش ئەوەی گیانی لەدەست بدات، بە بكوژەكانی وتوە، "من دەخنكێم، ئەو تورەكەیە دووربخەنەوە لەسەرم، من لە خنكاندن دەترسم".

كەناڵەكە، ئاماژەی بەوەش كردوە، پرۆسەی خنكاندنی جەمال خاشقچی حەوت خولەكی خایاندوە.

رونیشیكردوەتەوە، ئەو تیمە سعودیەی كە بەرپرسیاری كوژرانی خاشقچییان خراوەتەئەستۆ، لە ناو كونسوڵخانەكەدا راخەرێكیان داخستوە، بۆ ئەوەی لەكاتی پارچەپارچەكردنی تەرمی جەمال خاشقچییدا خوێن نەڕژێتەر سەر زەوییەكە.

كەناڵەكە ئەوەشی خستوەتەروو، پرۆسەی پارچەپارچەكردنی تەرمی خاشقچی لەسەر دەستی "سەڵاح توبەیقی" شارەزای پزیشكی دادی سعودی،١٥ خولەكی خایاندوە، و پاشان خراوەتە پێنج جانتای گەورەوە وبە ئۆتۆمبێلێكی كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ گوازراوەتەوە.

ئاماژە بەوەش دەكرێت، ئەو تیمەی كە لە سعودیەوە بۆ كوشتنی خاشقچی سەردانی توركیایان كردوە، هەندێك كەرەستە و ئامێریان بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ خۆیان بردوە.

جەمال خاشقچی رۆژی ٢ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨ سەردانی كونسوڵخانەی سعودیە كرد لە ئیستەنبوڵ و دوای بێسەروشوێن بوونی بۆ ماوەی ١٩ رۆژ بەرپرسانی سعودیە دانیان نا بە كوژرانیدا.



PM:01:39:11/11/2018