ناوەندی شانۆیی تاڤ روونکردنەویەەک بڵاودەکاتەوە

ناوەندی شانۆیی تاڤ روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی و وەزیری رۆشنبیری و بەڕێوەبەری گشتی و هونەر لە سلێمانی بڵاودەکاتەوە.

لە روونکردنەوەیەکی ناوەندەکەدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پرۆژەیەکیان ئاڕاستەی بەشی شانۆی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر کردوە لە سلێمانی و بڕیاردرا وەک چالاکی و کارێکی هاوبەشی ناوەندی شانۆی تاڤ و بەشی شانۆی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە، 

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەهۆی دروستبوونی كێشە لەنێوان هەندێك لە گروپ و كەسە شانۆییەكانەوە ئێمە دەسبەرداری پڕۆژەكەدەبین تەنها لەپێناو سەرخستنی پڕۆژەكە.

دەقی روونکردنەوەکە:

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی و
‎بەڕێز/ وەزیری ڕۆشنبیری
‎بەرێز/ بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی
‎سەرجەم تیپی و گروپە شانۆییەکان و شانۆکارانی کوردستان

‎بەڕێزان وەک ئاگادارن، ماوەی چەندین مانگە ئێمە لە ناوەندی شانۆی تاڤ لەپاڵ سەرجەم ئەو کارو چالاکییانەی کە لێبڕاوانەو خۆبەخشانە لەپێناو خزمەتکردن بە شانۆ لە سلێمانی کوردستان کردوومانە، ئامادەسازیی و کاری بەردەواممان کرد.

‎بەهاوکاری و ڕاوێژ لەگەڵ چەندین شانۆکار لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی شانۆیی کە تێیدا سەرجەم تیپ و گرووپەکانی سلێمانی و نوێنەرانی هەریەک لە شارەکانی(کەرکوک و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە و سەیدسادق و گەرمیان) بەشداربن بۆ ئەوەی پێکەوە پرۆژە بڕیارێک ئامادەبکەین، کە تێیدا لەڕێگەی یاساوە و بەسیستەمکردنی پرۆژەو کارە شانۆییەکان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان پاشان لە ناو حوکمەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیری بە هاوکاری شارەوانی شارەکان ڕێکخستن بۆ بەکلتور کردن و بەردەوامیدان بە شانۆ ڕێک بخرێت و بێتە بەرهەم.

‎بۆ ئەم مەبەستە ئێمە کۆی پرۆژەی گەڵاڵە کراومان ئاڕاستەی بەشی شانۆی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر کرد لە سلێمانی و لەوێ بەشێوەیەکی زۆر باش و بەدڵسۆزییەوە پێشوازی لێکراو بڕیاردرا وەک چالاکی و کارێکی هاوبەشی ناوەندی شانۆی تاڤ و بەشی شانۆی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی درووستبوونی كێشە لەنێوان هەندێك لە گروپ و كەسە شانۆییەكانەوە ئێمە دەسبەرداری پڕۆژەكەدەبین تەنها لەپێناو سەرخستنی پڕۆژەكە.

‎ئێمە لە ناوەندی شانۆی تاڤ کە بەو پرۆژەو دیدارەوە چەندین مانگە ڕەنج دەکێشین و پێوەی ماندوو بوین و بایەخ و گرنگی پرۆژەکە دەزانین لەئێستامانداو وە لە ئایندەشدا ئەگەر لایەنە پەیوەندی دارەکان کە لەناو پرۆژە بڕیارەکەدا ئەرکیان ئاماژە پێدراوە هاوکاربن و خودی شانۆکاران ڕێگر نەبن ئەوا بە دڵنیایی شانۆکەمان دەچێتە قۆناخێکی زۆر باش و گرنگەوە.

‎دەمانەوێت ئەوە بە سەرجەم هاونیشتیمانیان و تیپ و گروپە شانۆییەکان و شانۆکاران ڕابگەیەنین، لە پێناو سەرخستنی پرۆژەکەو دەرخستنی ڕۆحێتی یەکتر قبوڵکردن و پێچەوانەی ئەو بیر کردنەوانەی کە ساڵانێکی زۆرە تاکی ئێمەی لەسەر پەروەردە دەبێت "یان دەبێت هەموو شت بۆ خۆم بێت، یان نابێت هیچ بۆ کەسبێت"
‎ئێمە لەحەقی ناوەندەکەمان و لەو ماندوو بوونە زۆرەی خۆمان دەبورین و کۆی پرۆژەکە بۆ جێبەجێکردن پێشکەش بە بەشی شانۆی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی دەکەین.

‎بۆ ئەوەی سەرجەم شانۆکاران، بەشداربن ئێمە واز لە ناوی ناوەندەکەمان دەهێنین چونکە بۆ ئێمە ئامانجی یەکەم دروستکردنی شانۆیەکە کە تێیدا بینەران هەست بە ئاسودەیی و چێژو بیرکردنەوەو ئارامی بکەن و شانۆکارانیش لە ژێر بوونی یاسایەکدا بتوانن بە ئارامی برەو بە تواناکانیان بدەن و داهێنان بکەن.

‎بەهیوای ئەوەی هەموو شانۆکاران بەشداری ئەم دیدارەبن و لە پاش ئەم بڕیارەشمانەوە ئێمە ڕایدەگەیەنین بە هەمان جدیەت و ڕۆحی پێشووەوە بەردەوام دەبین بۆ سەرخستنی دیدارەکەو هاوکارو هاودەستی بەشی شانۆی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر دەبین.


PM:02:09:13/11/2018