عەلی باپیر: دۆخی هەرێمی کوردستان لە هەموو روویەکەوە باش نییە

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، عەلی باپیر سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان دەڵێت " بارودۆخی ھەرێمی کوردستان باش نییە، نە لە رووی سیاسییەوە، نە لە رووی ئابوورییەوە، نە لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە".

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا کە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ کردوونی دەڵێت " لە رووی سیاسییەوە بەداخەوە ئەوە بەتایبەت لە بەغدا زۆر رەنگی دایەوە کە چەند کاندید ھەبوون بۆ سەرکۆمار و گوریس پچڕێنەیەکی توند و پارتی بیکاتە مەرج کە بەمەرجێک بەشداریی کابینەی حکوومەت دەکات نابێت وەزیر بە یەکێتی بدرێت، پێشینەیەکی خراپ بوو و تا ئێستا بەو شێوەیە نەبووە، ئەوە رەنگدەداتەوە لە مامەڵەشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لەڕووی سیاسییەوە تا رادەیەکی زۆر تەبایی سیاسی تێکدراوە، ئێمە تاکە کارتێک بەدەستمانەوە ھەبێت ھێزی ناوخۆمانە، ئێمە لە ریفراندۆم بۆمان دەرکەوت کە ئەو خەون و خەیاڵە سەوز و سوورانەی بەخەڵکییان دەبینین و ئەو ھیوایانەی لەسەر بناغەی وەعد و بەڵێنی خەڵک ھەڵیانچنیبوو دەرکەوت ھیچی وا نییە، ئێمە خۆمان تەنیایین و بەس خوا پشتیوانمانە، ھێزی ئێمە تەباییی ناوخۆمانە".

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەشڵێت "لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە بارودۆخ تێکچووە و خەڵکێک ھەن کە ھیچ لە ئازاری کەس تێناگەن، بۆیە بارودۆخەکە خراپە، چارەسەر ئەوەیە پێچەوانەی ئەوە بکەیت کە پێی ھاتووەتە دی، ئێمە بەجی وامان لێھاتووە؟ بەزوڵم و قۆرخکاری و گەندەڵی، بەعەقڵییەتێک کە حزب و خزم دەبینێت و خۆی و دەورووبەرەکەی دەبینی و خەڵک نابینێت، ھەروەھا بەوە دامەزراوەکان شکۆییان شکێنراوە و نە حکوومەت رێگەی دراوە حکوومەتایەتی بکات، نە پەرلەمان پەرلەمان بووە، نە دەزگاکانی دیکە، بۆیە دەبێت لە کوێ تێکچووە لەوێ چاکی بکەینەوە، ئێمە بۆ ٢٨ ساڵ دەچێت ئاواین، خەڵک لە ٢٨ ساڵ دەوڵەتێکی تەواو عەیار دادەمەزرێنێت، ئێمە ھەرێمەکەشمان ھەر دەڤەری سەوز و زەردە". 

عەلی باپیر داوای بەدامەزراوەیی کردنی کارەکانی حکومەت و لە پێشیشیناوە هێزە ئەمنییەکان دەکات و دەڵێت" ئێستا ھەردوو حزبی سەرەکی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بە ھی خۆیان دەزانن، بۆیە دەبێت کارەکان بەدامەزراوەیی بکەین و یاسا سەروەر بکەین و دادگەریی بچەسپێنین، دەبێت پەند لە رابردوو وەربگرین دەنا بەم عەقڵییەتەوە ناتوانیین ئەم وڵاتە ئیدارە بدەین و بارودۆخەکە رۆژ بە رۆژ بەوشێوەیە بەرەو خراپتر دەڕوات".

دەربارەی کشانەوەیان لە کابینەی پێشوو و ئەگەری بەشداریان لەم کابینەیەدا، عەلی باپیر دەڵێت " ئێمە کاتی خۆی کشاینەوە لە حکوومەت پێمان وابوو حکوومەت وای لێکراوە نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ھەرچی پەیوەندیی بە ئێستاوە ھەیە ھێشتا بڕیارمان نەداوە و پێش رووداوەکان ناکەوین، بزانیین ئەو لایەنەی رادەسپێردرێت حکوومەت پێکبھێنێت چی دەڵێ و چی ناڵێ و بەرنامەی حکوومەتەکە چۆن دەبێت کە داوا دەکات بەشداربین چۆنمان داوا لێ دەکات، ئینجا ئێمەش لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی دێنە پێش و بە ئەندازەی ھاتنەپێشی ئەوان قسەیەکی لێ دەکەین، بەڵام ئێمە لای خۆمانەوە بە قەتعی نە بڕیاری بەشدارییکردنمان لەو کابینەیە داوە نە بڕیاری بەشداری نەکردنیشمان بە قەتعی داوە".

ئەو دەربارەی بەشداریکردن، یان نەکردنیان، دەڵێت" عورفی ئێمە وابووە و بەپێی پەیڕەوی خۆشمان وایە بۆ بەشدارییکردن لە حکوومەت یان بەشداری نەکردن دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کادیرانمان و دەبێت کۆبوونەوەی گشتی ئەنجامبدەین، ئەو کاتە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بۆمان دەردەکەوێت رای زۆرینەی کادیرانمان لە چی لایەکدایە، جارێ ئێمە ئەوە نەکەوتووینەتە وتووێژ و دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنەی حکوومەت پێکدەھێنن، دەبێت بکەوینە وتووێژ، جارێ بزانین ئەسڵەن بە چاکی دەزانن ئێمە بەشداریی بکەین؟ ئێمەش تەماشای حکوومەت دەکەین بزانین چۆن دەبێت؟ دیارە کادیرانی ئێمەش چاوکراوەن و واقیعەکە وەکو خۆی دەخوێننەوە و ئەوەی بە بەرژەوەندیی خەڵک و ھەرێم و خۆشمان دەزانن ئەوە دەبینن و بڕیار دەدەن".

سەبارەت بە بەشداریکردن بە هاوبەشی لەگەڵ گۆڕاندا، عەلی باپیر وتی "  ئێمە پێکەوە راوێژمان ھەیە و پرس و را گۆڕینەوەمان ھەیە و قسەمان کردووە، بەڵام شتێکی نووسراومان لەنێواندا نییە، ھەست دەکەین ئەوانیش ھەمان بۆچوونی ئێمەیان ھەیە و ئەوانیش وەکو ئێمە بەشداریکردن یان نەکردنیان بە ھیچ لایەکدا ھەڵنەبڕیوە و چاوییان لەوەیە بزانین ئەو حکوومەتە چۆن دەبێت و دەویسترێت ئەو کابینەیە چی بکات، واتە گۆشە نیگا و بۆچوونەکانمان لەیەکتر نزیکبوون".



PM:01:47:14/11/2018