دهۆک...چەند عەمرەکارێک گیانیان لەدەست دا

لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر ڕێگای سەرەکی هەولێر- دهۆک و لە نزیک سەنتەری پارێزگای دهۆک ئۆتۆمۆبێلێکی پاسی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا و ١٨ کەس بوونە قوربانی.

موقەدەم ئازاد تەها، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند "کەمێک پێش ئێستا پاسێکی نەفەرهەڵگر(کۆستەر) کە سەرجەم سەرنشینەکانی ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی پارێزگای دهۆک بوون کە بۆمەبەستی گەشتی عەمرە دوو هەفتە پێش ئێستا سەردانی وڵاتی سعوودییەیان کردبوو و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ پارێزگای دهۆک وەرگەڕا".

وتیشی "لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا سێ لە عومرەکارەکان گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٥ عومرەکاری تر بە شێوەی جیاواز زامدار بوونە و بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری دهۆک گواستراونەتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە بریتین لە ئافرەتێک و دوو پیاو ڕاشیگەیاند: "برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە".



PM:07:42:15/11/2018