کۆمەڵی ئیسلامی مەرجەکانی پارتی ڕەتدەکاتەوە

بەرپرسێكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە مەرجەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەڵێندان سەبارەت بە نەكشانەوە و بێدەنگبوونی پەرلەمانتارەكانی لەبەرامبەر بەشداریكردنی لە حكومەتدا قبوڵ ناكات.

بیلال سلێمان بەرپرسی ناوەندی حکومەت و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند تا ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كۆتایی نەداوە سەبارەت بە بەشداریكردن یان بەشدارینەكردن لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان.

پێشتر عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئاماژەیەك بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندبوو كە لەبەرامبەر بەشداریكردنیان لە حكومەتدا دەبێت بەڵێن بدەن كە لە داهاتوودا نەكشێنەوە و ناشبێت پەرلەمانتارەكانیشیان پەرلەمان بكەنە مەیدانی ئۆپۆزسیۆن لە دژی حكومەت.

بەڵام بیلال سلێمان رەتیكردەوە كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەو مەرجانە قبوڵ بكات و وتیشی: ئەم جۆرە مەرجانە قبوڵ نیە، چونکە بەپێی ڕێکەوتنێک کە لەنێوان هەردولادا دەکرێت بەشداری حکومەت دەکەین ئەگەر لایەنی یەکەم پابەند نەبوو دەبێت لایەنەکەی تر لەهەرکاتێکدا بوو هەڵوێستی هەبێت، هەروەک چۆن لەڕابردوو هەڵوێستمان هەبوو کاتێک پارتی ڕێکەوتنەکەی جێ بەجێ نەکرد کشاینەوە، وەک چۆن ئێـمە مافی خۆمانە مەرجمان هەبێت پارتیش مافی خۆیەتی مەرجی هەبێت بەڵام بەوجۆرە نا پەرلەمانتار بێدەنگ بکرێت."

بەرپرسی ناوەندی حکومەت و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، پارتیشی تۆمەتبار كرد بەوەی پابەند نەبووە بە جێبەجێكردنی ئەو 13 خاڵەی كە بۆ بەشداریكردن لە حكومەت لەسەری رێككەوتبوون، بۆیە لە كشاونەتەوە و رایگەیاند كە لەكۆی ئەو 13 خاڵە پارتی تەنیا سیانیانی جێبەجێكردووە.



AM:11:30:20/11/2018