ئایدن مەعروف: داوای وەزارەتێکی سیادی یان دەستەیەک دەکەین تایبەت بێت بە کاروباری تورکمانەکان

بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان دەلێت، داواکارن وەزارەتێکی سیادی یان دەستەیەک بدرێت بە تورکمانەکان کە تایبەت بێت بە کاروباری پێکهاتەکەیان.

ئایدن مەعروف پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە ھەرێمی کوردستان، بە گرنگی دەزانێت پیکهاتەکەی لە پیکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  بەشداربێت، بۆ ئەوەش بەپێویستی دەزانێت جێگرێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم بۆ تورکمان بێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئەکتیڤ بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسی و لە بڕیارە سیاسییەکاندا.

وتیشی،
سەرباری پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، داواکارن وەزارەتێکی سیادی یان دەستەیەک بدرێت بە تورکمانەکان و ئەو دەستەیە یان ئەو وەزارەتە تایبەت بێت بە کاروباری تورکمانەکان". 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پەرلەمانتارەی بەرەی تورکمانی بۆ ئەنادۆڵ ئەوەشی وتووە "ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پرس و راوێژ دەکەین و لەداھاتوویەکی نزیکدا کۆدەبینەوە لەگەڵ لایەنە تورکمانەکانی دیکە و ئامانجمان ئەوە دەبێت کە تورکمانەکان بەشداریی حکوومەت بن، ئومێد دەکەین پارتی بەرگریی لە مافەکانی تورکمان بکات بۆ ئەوەی تورکمان لەچوارچێوەی حکوومەتدا نوێنەرایەتیی راستەقینەییان ھەبێت". 

ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی روونیشی دەکاتەوە، "دەنگۆیەک ھەیە کە پۆستی یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان بدرێت بە پێکھاتەی تورکمانی، ئێمە نازانیین بە کێ دەدرێت، بەڵام ئەم یەکێکە لە پۆستە گرنگەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەگەر ئەمە کرا داواکاریین لەنێوان پێکھاتەی تورکمان و کریستیانەکان بکرێت بە دوو ساڵ بە دووساڵ بۆ ئەوەی ھەردوو پێکھاتەکە نوێنەرایەتی خۆیان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەبێت، جیا لەوەی ئێمە لە حکوومەت داواکارییەکانمان بچەسپێت کە خۆی لە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ھەروەھا وەزارەتێک یان دەستەیەکی تایبەت بە کاروباری تورکمان". 

دەربارەی ئەو مامەڵەیەی لایەنی شیعە و بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەھدی لەگەڵ تورکمانەکاندا دەیکات، ئایدن مەعروف ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مامەڵەیەکی نا تەندروستە بەغدا لەگەڵ ئەوانی دەکات، ئەو لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت، "بەداخەوە حکوومەتی عێراق کە بەشێکی پێکھێنراوە و ھەندێکیشی ماوە، نا دادپەروەرییەکی زۆر بەرامبەر بە بەرەی تورکمانی و تورکمانەکان دەکرێت، بەرەی تورکمانی نوێنەرایەتی زۆرینەی پێکھاتەی تورکمانی دەکات و، بەدەنگی راستەقینەی خۆی چووەتە پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام ھێشتا ھیچ وەزارەتێک بۆ تورکمانەکان و بەتایبەت بەرەی تورکمانی تەرخاننەکراوە و، ئەمەش نادادییەکە بەرامبەر بە تورکمانەکانی عێراق پەیڕەو دەکرێت و، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت و ھیچ پۆست و وەزارەتێکمان پێنەدرێت، ئێمە رێگای دیکە دەگرینە بەر لەنێویاندا خۆپیشاندان، چونکە بەرەی تورکمانی پێکھاتەیەکی سەرەکییە و نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکھاتەی تورکمانی دەکات، ئێمە ئومێد دەکەین ئەو نموونە خراپە و نادادپەروەرییەی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە تورکمانەکان پەیڕەو دەکرێت لەکاتی دروستکردنی کابینەکەیدا نەگوازرێتەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان". 




PM:02:01:20/11/2018