ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بارزانی و سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرادەکرێت

پاش کۆبوونەوەیان مەسعود بارزانی و عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.

لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا عادل عەبدولمەهدی، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و هیوای خواست دیداری هاوشێوە لە هەولێر و بەغدا بەردەوام بن و وتی "دەمەوێ بە ئەبو مەسروور و ئەبو هاشم ناوی یەکتر بێنین کە بەڵگەیە لەسەر دۆستایەتییەکی زۆر قووڵ".

هاوکات بارزانی ڕایگەیاند، پەیوەندیمان لەگەڵ دکتۆر عادل عەبدولمەهدی پەیوەندییەکی کۆنە و لە کاتە قورسەکاندا متمانە لەنێوانماندا ماوەتەوە. ئاماژەشی بەوە دا "ئەبو هاشم (عادل عەبدولمەهدی) ڕۆڵێکی گەورەی لە عێراقی نوێ و داڕشتنەوەی دەستووردا هەبووە. ئەو کاتەی کە ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکوومەت، تەلەفۆنم بۆی کرد و پاڵپشتیم بۆی دەربڕی".

جەختیشی لەوە کردەوە "ئێستا دووبارە پاڵپشتیی تەواوی خۆم بۆ برا و هاوڕێم عادل عەبدولمەهدی دەردەبڕم، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین و هاوکاریی زیاتری یەکتر دەکەین بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە بەرەوپێش ببەین تاوەکوو تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەین".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، بەسەرۆکایەتی وەفدێک کە  پێکهاتوون لە مەسروور بارزانی، ئازاد بەرواری، د. ئومێد سەباح و مەسعود حەیدەر گەیشتنە بەغدا.



PM:02:32:22/11/2018