"مەسرور بارزانی دەکرێتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم"

رۆژنامەنووسێکی دیاری پارتی ئاماژە بەچەند بژاردەیەک دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە  پۆستی سرۆکوەزیرانیش دەلێت لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئەو پۆستە بۆ یەکێکیان یەکلا دەبێتەوە.

رێبوار کەریم وەلی، رۆژنامەنووسی دیاری پارتی لە میانی وتارێکی هەفتانەیدا لە رووداو نوسیویەتی، "پارتی وەك حیزبی براوە، بیر لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكاتەوە (كە كارایشی دەكاتەوە)، لەوبارەیەشەوە نیقاشێكی جددی، بەڵام هێمنانە لەسەر چوار بژارە لەئارادایە كە لە هەر هەموویاندا پۆستی سەرۆكی هەرێم لەماوەی شەش مانگ تا ساڵێك لە پەرلەمانەوە كارا دەكرێتەوە. كاراكردنەوەكەش بەشێوەیەك دەبێ كە ئیجماعێكی سیاسی لەسەر شێوەی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەكانی درووست ببێ.

دەشلێت، بژارەی یەكەم ئەوەیە كە نێچیرڤان بارزانی تا چوار ساڵی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات و لەو چوار ساڵەدا پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ دیاریكردنی سەقفی زەمەنی كارا بكرێتەوە، بژارەی دووەمیش ئەوەیە كە تا كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی (كە بەربژێری پارتی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت)، كەسێكی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات و، دوای كاراكردنەوەكەش مەسرور بارزانی ببێتە سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانیش ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

ئەو نوسەرە ئاماژە بەوەشدەکات، بژارەی سێیەم ئەوەیە كە نێچیرڤان بارزانی كابینەی حكومەت پێكبێنێت، هەركاتێك پۆستەكە كارا كرایەوە، ئەوكاتە ئەو دەست لەكار بكێشێتەوە و مەسرور بارزانی بێتە جێگەی ئەو. ئەو بژارەیە لەبەر ئەوەی كە حكومەتەكە وەك حكومەتێكی كاتی سەیر نەكرێت و مەسرور بارزانیش ئازاد بێت لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، كەمێك لاوازە.

لە بارەی بژارەی چوارەمەوە رێبوار کەریم وەلی دەڵێت، كە پێدەچێ لە هەموویان بەهێزتر بێت، ئەوەیە كە مەسرور بارزانی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانیش سەرۆكایەتی شاندی دانوستانكاری پارتی بكات و چوارچێوەی دانوستاندنەكان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم فراوان بكات.

هەروەها نوسەر دەلیت، لە رۆژانی داهاتوودا، پارتی لەسەر یەكێك لەو بژارانە (كە پێدەچێ هی چوارەم بێت) خۆی ساغ دەكاتەوە و لەگەڵ لایەنە براوەكان و بەتایبەتیش یەكێتی و گۆڕان دەكەوێتە گفتوگۆ.



AM:11:06:26/11/2018