بریكاری وەزیری ناوخۆ: نمایشكردنی هیچ فیلمێك لە سلێمانی قەدەغە نەكراوە

بریكاری وەزیری ناوخۆ دەنگۆی ڕاگرتنی نمایشی فیلمێك لە سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە ڕەتدەكاتەوە دەڵێت "دەتوانن لە نمایشی فیلمەكەیان بەردەوام بن".

لیوا جەلال شێخ كەریم هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە كە باس لە ڕاگرتنی نمایشکردنی فیلمی ١٤ی تەمووز کە باس لە بەرخودانی چەند زیندانییەکی باکوری کوردستان دەکات.

بریكاری وەزیری ناوخۆ و خالید دۆسكی، وەزیری ڕۆشنبیری لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "سپی میدیا" دوپاتیان كردەوە كە ئەو فیلمە لە توركیا بەرهەم هێنراوە و لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی و دهۆك نمایش كراوە و هیچ سانسۆرێكی لەسەر نیە لەلایەن ئەوانەوە.

هاوكات بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ "سپی" ئەوەی ئاشكراكرد كە لای خۆیەوە پەیوەندی كردووە بە لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی و پێی ڕاگەیاندووە كە نمایشكردنی هیچ فیلمێك لای ئەوانەوە قەدەغە نەكراوە و ڕێگەپێدراوە "دەتوانن بەردەوام بن لە نمایشی فیلمەكە".

دوێنێ سینەما سالم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند "بڕیار بوو لە ١/١٢/٢٠١٨ بە دوا، فیلمی كوردیی ١٤ی تەمووز، لە دەرهێنانی هاشم بایدەمێر، لە سینەما سالم نمایش بكرێت. وەك دەزانین، ناوەڕۆكی ئەم فیلمە دەربارەی بەرخۆدانی چەند زیندانییەكی سیاسیی باكووری كوردستانە، كە لە ساڵانی هەشتادا و‌ لەژێر ئەشكەنجەی دڕندانەی ڕژێمی فاشیستیی توركیادا، خەبات دژی ستەم دەكەن، بەڵام چەند كەسێك".

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتبوو "لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە پەیوەندیمان پێوە كرا و پێیان ڕاگەیاندین كە ''بە هیچ شێوازێك ڕێگە نادەین ئەم فیلمە نمایش بكرێت''. گەرچی ئێمە داوای نووسراوی فەرمیمان كرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو و تەنها جەختیان لەوە دەكردەوە كە ''خۆمان تووشی سەرئێشە نەكەین''، چونكە ''ئەوان بە هیچ شێوازێك ڕێگە نادەن ئەم فیلمە نمایش بكرێت".





AM:10:46:28/11/2018