بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی زانیاری لەسەر ڕەوشی پزیشكەكەی بڵاودەكاتەوە

تەندروستی سلێمانی لەسەر ڕووداوی تەقەكردن لەپزیشكێك دێتەدەنگ و بەڕێوەبەری فەرمانگەكەش ڕایدەگەیەنێت: نەشتەرگەری سەركەوتووی بۆ ئەنجامدراوەو لەمردن ڕزگاری بووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ 3ی 12ی 2018 دوای تەقەكردن لە د. كەمال ئەحمەد سەعید پزیشكی نەشتەرگەری لەناو نۆرینگەكەی لەشەقامی ئۆرزدی، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: د. كەمال لەژێر نەشتەرگەریدایەو خۆشبەختانە لەمردن ڕزگاری بووە، هەرچەند ژمارەی فیشەكەكان زۆربوون و شوێنەكانیشی هەستیار بوون، بەڵام توانراوە ڕزگار بكرێت.

وتیشی " سێ فیشەكی بەركەوتووەو سەرجەمیان دەرهێندراون، تەنها پشكنینێكی ماوەو لەنەشتەرگەری دێتە دەرەوە".

لەبارەی هێرشكردنە سەر پزیشكانیش، د. سەباح هەورامی وتی: "سێ جار هێرشكراوەتە سەر پزیشكان، ئەمەی ئەم ئێوارەیەش هەوڵی كوشتن بووە، بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی ئەو جۆرە كارانە دەكەین و سكاڵا تۆماردەكەین و لە تاوانبارنیش خۆش نابین، داواش لەدەزگا ئەمنییەكان دەكەین تۆمەتبارەكان بدۆزنەوە، دكتۆر كەمالیش تا ئێستا هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و زانستی نەبووە، بەڵام ئەو ڕووداوە ترس و دڵەڕاوكێی لەلای پزیشكان دروستكردوە".

لەلای خۆشیەوە، د. تەها مەحوی سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی تەندروستی ڕایگەیاند: نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین، نۆرینگەی پزیشكییەكان بۆ چارەسەری نەخۆشن، نەك بەمشێوازە لەناو نۆرینگەكاندا هێرشبكرێتە سەر پزیشكان، هەڵوێستی خۆمان دەبێت، داواكاریشین ئەم كارانە دووبارە نەكرێتەوە، بەزووی دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی ڕووداوەكە ڕابگەیەندرێت".



PM:09:19:03/12/2018