خاڵی گومرگی نێوان موسڵ ‌و دهۆك لابرا

حكومەتی عێراق بڕیاری لابردنی خاڵی گومرگی نێوان موسڵ و دهۆكی خستە بواری جێبەجێ‌كردنەوەو لەمەوبەدەواش دەبێت فه‌رمانبه‌ره‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو فه‌رمانگه‌ی گومركییه‌كانی پارێزگاكان.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌4ی کانونی یەکەمی 2018 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومركی عیراق بڕیاریدا كه‌ خاڵه‌ گومركییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان لاببرێن و فه‌رمانبه‌ره‌كانی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆناو فه‌رمانگه‌كانی گومركی پارێزگاكان.

هاوكات ڕاكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت ڕایگه‌یاندووه‌ له‌ئێستادا پابه‌ندی ئه‌و بڕیاره‌ نابێت و چاوه‌ڕوانی بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كات. 

لایخۆشییەوە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومركی ناوچه‌ی باكوری‌ عیراق نوسراوێکی بە واژووی بماهیر حه‌مه‌د مجزاب به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکە بە ژمارە 5344 بڵاوکردوەتەوەو تیایدا بڕیاری‌ داوە به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی خاڵه‌ گومركیه‌كانی‌ نێوان شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عیراق و راگرتنی كاركردن تیایاندا.

لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، حكومەتی عێراق سێ‌ خاڵی گومرگی لەنێوان كەركووك ‌و شارەكانی هەولێر ‌و سلێمانی ‌و موسڵ بۆ شاری دهۆك دانا، ئەوەش گرفتی بۆ هاونیشتمانیان دروستكردبوو و لە ماوەكانی رابردوودا هەرێمی كوردستان ‌و عێراق رێككەوتنێكیان بۆ لابردنیان واژۆکرد.


PM:01:28:04/12/2018